راگەیاندراوی پارتی سەربەخۆیی کوردستان، بەبۆنەی 33 ساڵەی کارەساتی ئەنفال ! پەیام و بڵاوکراوەکان

هاونیشتمانیانی بەڕێز!

نەتەوەی کورد بە درێژایی مێژووی خەباتی لە پێناو ڕزگاریدا کردوە و لەو ڕێگایەشدا بە ئاستەمترین قۆناغەکاندا تێپەڕیوە و گەورەترین و زۆرترین قوربانی بۆ داوە . دوژمنان و داگیرکەرانیش هەموو هێز و توانای خۆیان لە پێناو تواندنەوە و جینوسایدا بەکار هێناوە و کەڵکیان لە هەموو چەشنە چەکێکی قەدەغە و نایاسایی وەرگرتووە . هەر کاتێک هەلیان بۆ ڕەخسابێت وڵاتیان کاول کردوین ،لە زێدی باو باپیرمان دووریان خستوینەتەوە ، وڵاتیان داگیر کردوین ،کۆمەڵکوژیان کردوین .

لە درێژەی ئەم کۆمەڵکوژیانە و دوای کیمیابارانی هەڵەبجە ،شاڵاوی ئەنفاڵی ساڵی ١٩٨٨ی زایینیی حکومەتی بەعس عێراق بە سەرکردایەتی دیکتاتۆری دڕندە سەدام حسەین بوو .کە بەناوی سورەی ئەنفال لە هەشت قۆناغدا بە دڕندانەترین شێوە دەستی کرد بە کاول کردنی کوردستان و ڕەحمی بە هیچ زیندەوەرێکی ئەم نیشتمانە نەکرد.

لەم پروسە نگریسەدا زیاتر لە١٨٢٠٠٠ مرۆڤ شەهید و بێسەروشوێن بوون ، زیاتر لە چوارهەزار گوندی کوردستان وێران کرا ، چوار قەزا و سی ناحیەی کوردستان خاپوور بوون . ئەم کارەساتەنەی بە سەر نەتەوەی کورددا هاتووە شتێکی کەمتر لە کۆمەڵکوژی ئەرمەنیەکان نەبوو کە ئێستە هەموو جیهان لە سەری دەڕۆن و مەحکۆمی دەکەن یاسای بۆ ڕیکدەخەن .

ئەم کارەساتە یەک لە کارەساتە دژ بە مرۆڤایەتییە کە پێویست بوو یەکەم نەتەوەی کورد بەشێکی هەرە زۆری هێزی خۆی بۆ تەرخان کردبا بۆ ناساندنی بە دونیا و بە جینوساید ناساندنی لە ئاستی مرۆڤایەتیدا کە لەم ئاستەدا دەسەڵاتی کوردستان و پارتە سیاسیەکانی کوردستان بە گشتی کەمتەرخەم بوون و هەوڵەکانیان لە ئاستی گەورەیی کارەساتەکەدا نەبووە .

هەروەها نەدەبوا مرۆڤایەتی و وڵاتانی لانکەی دیموکراسی و زلهێزانی دونیا کە خۆشیان بە یارمەتیدان و فرۆشتنی چەکو چۆڵ بە حکۆمەتی عێراق ناڕاستەوخۆ باندۆڕیان لە سەر کارەساتەکە بووە بەو شێوەیە لە ئاستی ئەم کردارە دژەمرۆڤیەدا کەمتەرخەم بوونایە .

پارتی سەربەخۆیی کوردستان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک خاوەنداری یاسایی ئەم کەیسە و هەروەها پارت و ڕیکخراوە سیاسی و کولتوری و کۆمەڵگای مەدەنی و هەموو تاکێکی کورد دەکات بە یەکگرتویی و خەمخەری تەواوەوە هەوڵەکانیان چڕوپڕ تر بکەن لە پێناو ناساندنی هەرچی

زیاتری ئەم تراژدیایە و داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتوەکان بکەن تا ئەم کاتەساتە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بە جینوساتد بناسرێت و تاونباران وەک دەسەلاتێکی شوێنیستی سەردەم مەحکوم بکرێن و دەوڵەتی عێراق مەجبوور بکەن بە قرەبوو کردنیان .

پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵیادی ئەم کارەساتە ناخ هەژێنەدا سەری ڕیز بۆ خۆڕاگری نەتەوەکەمان و هەموو شەهیدانی کارەساتی ئەنفال و ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان دادەنەوێنێت .

وەک نەریت وباوەری قوڵی هزریمان داوا لەهەموو هێز ولایەنەکانی کوردستان دەکەین بۆ کاری هاوبەش و تەبایی و یەکریزی نێو ماڵی کورد لە هەموو کوردستانی گەورە .

هەزاران سڵاو لە رۆحی پاکی شەهیدانی ئەنفاڵ

مەرگ ونەمان بۆ داگیر کەرانی کوردستان

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

14/4/2021 ی زایینی

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین