پیرۆز بێت ١٢٣ هەمین ساڵیادی رۆژنامەگەری کوردی پەیام و بڵاوکراوەکان

پارتی سەربەخۆیی کوردستان

١٢٣ هەمین ساڵیادی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە نەتەوەی کورد بە گشتی و ڕۆشنبیران ، نووسەران و ئەدیبان و مێدیای کوردی بە تایبەتی پیرۆز بێت.

لە ٢٢ی نیسانی ساڵی ١٨٩٨ی زایینیدا یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی "کوردستان " بە هەوڵ و هیمەتی بنەماڵەی خەباتگێڕی بەدرخانییەکان و ئەرک و ماندووبوونی میقداد مەدحەد بەدرخان لە شاری قاهیرە چاپ و بڵاو کرایەوە و لەو کاتەوە وەشانی خۆی دەستپێکرد .

ئەم هەنگاوەی بەدرخانییەکان و هیمەتی میقداد مەدحەد بەدرخان شۆڕشێک بوو لە بواری میدیا و ڕۆژنامەگەری کوردیدا . بۆ یەکەمجار ڕۆژنامە لە شێوەی مۆدێرن و سەردەمیانەدا چاپ و بڵاو کرایەوە . توانی ببێتە پردێکی پێوەندی نێوان دونیای دەرەوە و خوێنەر و ڕۆشنبیری کورد. تواندرا بخرێتە خزمەت خەباتی نەتەوەیی و ببێتە شێوەیەک لە خەبات لە پێناو سەربەخۆیی و سەروەری کوردستان. هەڵهێنانەوەی ئەم هەنگاوە مەزنە لەو کاتەدا بە هۆی دژایەتی کردنی دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانییەوە و دەسەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمیدەوە ئەرکێکی قورس و گران بوو کە بەدرخانییەکان شانیان وەبەریدا و تێدا سەرکەوتوو بوون .

لەوکاتەوە مێدیا لە مێژووی ئێمەی کورددا خاوەن پێگە وگرینگیەکی تایبەتیە و وەک هۆکارێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە پیرۆزەکانمان ڕۆڵی خۆی بەباشی گێڕاوە . هەر بەو هۆیەشەوەیە دوایی ئەم ڕۆژە وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی ناوزەد کرا و ساڵانە یادی دەکرێتەوە .
چاپی ڕۆژنامەی کوردستان سەرەتایەک بوو بۆ ڕۆژنامەگەری کوردی تا بتوانێت ڕێچکەی خۆی بدۆزێتەوە و ببێتە خاون شوناسی خۆی .
پارتی سەربەخۆیی کوردستان هیوادارە خەباتکارانی بواری ڕۆژنامەگەری و مێدیایی کوردستان بە هەموو چڵ و پۆپەکانیەوە بە دڵ و هەستێکی نەتەوەییەوە لە خزمەت ئەم هۆکارە گرینگەدابن . تا لەم ڕێگایەوە بتوانین هەم زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەکەمان لە جینوسایدی زمانی و کولتوری بپارێزین و هەم خزمەت بە خاک و وڵات و نیشتمانمان بکەین .

پیرۆز بێت یادی 123هەمین ساڵی ڕۆژنامەی کوردستان و ڕۆژی ڕٶژنامەگەری کوردی.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان
23.04.2021

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین