پیرۆز بێت ١٢٣ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردی، نووسینی سەلاح سولتانپەنا پەیام و بڵاوکراوەکان


بۆ یادی 123هەمین ساڵی ڕۆژنامەی "کوردستان" یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی .

ڕۆژی ٢٢ی نیسان 123هەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردیە . ئەوڕۆژەیە وا بۆ یەکەمجار ڕۆژنامەی کوردی پێی نایە دونیای مێدیاوە و دەروازەیەکی تری لە بواری خەباتی ڕۆشنبیری نەتەوەییدا بە ڕووی ئێمەی کورددا کردەوە .

خەباتی ڕۆشنبیری یەک لەو شێوە خەباتە نەتەوەییانەیە کە هەر نەتەوەیەک لە پێناو گەیشتن بە سەروەری نەتەوەیی و ڕزگاری یەکجاری و سەربەخۆییدا کەڵکی لێ وەرگرتووە .

ئەم دەروازەیە بۆ ئێمەی کورد یەکەمجار لە ٢٢ی نیسانی ساڵی 1898 ی زایینیدا بە چاپکردنی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان بە یارمەتی بنەماڵەی بەدرخانیەکان کە شوێن پەنجەیان لە خەباتی ڕزگاریخوازی نەتەوەکەماندا دیار و بەرچاوە ، لە سەر دەستی بەڕێز میقداد مەدحەد بەدرخان وەک ڕۆژنامە و لە شێوەی مودێرن و سەردەمیدا بە ناوی ڕۆژنامەی کوردستان لە شاری قاهیرەی پێتەختی میسر کە ئەوکات مەکۆی ڕۆشنبیران بووە بە ڕووی نەتەوەی کورددا کرایەوە .

ئامادە و چاپ کردنی ڕۆژنامەی کوردستان لە مێژووی خەباتی ڕۆشنبیری و مێدیایی نەتەوەی کورددا وەک خاڵێکی وەرچەرخان دەبینرێت و ڕێزی لێ دەگیرێت . ئەم خزمەتەی بەدرخانیەکان سەرەڕای دژایەتی دەسەڵاتی سوڵتان عەبدول‌حەمید و نەبوونی پشتکیریەکی دارایی ئەوتۆ بۆ خۆی وەک شۆڕشێک لەو سەردەمەدا پێناسە دەکرێت ،کە وەک شوناسێک بۆ ڕۆژنامەگەری کوردی و دۆزینەوەی ڕێچکەی مێدیایی کورد دەناسرێت .

سەرەڕای کەند و کۆسپێکی یەکجار زۆر، ئەم ڕۆژنامەیە بە یارمەتی و ئەرک و زەحمەتی ڕۆشنبیرانی ئەو سەردەمە کە هەوڵی زۆریان لە پێناو بەردەوامی و زیندوو ڕاگرتنیدا داوە .

بە گشتی توانرا ٣١ ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان چاپ بکرێت و بخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی تینوی مێدیای ئەو سەردەمە.

لەم ٣١ ژمارەیە ،

لە ژمارەی یەک تا پێنج و ٢١ تا ٢٣لە شاری قاهیرە و ژمارەی شەش تا نۆزدە لە شاری ژنێڤی سویس و ژمارەی ٢٤ لە لەندەن و ژمارەی ٢٥ تا ٢٩ لە شاری فۆڵکستۆن لە بریتانیا و ژمارەکانی ٣٠ و ٣١ یش دووبارە لە ژنێڤ چاپ کراوە .

ڕۆژنامەکە چوار ساڵ بەردەوام بووە . یەکەم ژمارەی کوردستان بە زاراوەی کرمانجی دەرچووە . لە ژمارەی چوارەوە هەندێک لە بابەتەکانی بە زمانی تورکیش نوسراوە .ڕۆژنامەی کوردستان لە بابەتەکانیدا بەرهەڵستیی دەسەڵاتی عوسمانیان کردوە . ڕۆژنامەی کوردستان لە لایەن کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقیەوە پشتگیری دەکرا .

هۆکاریش بۆ ئەم گوێزا و گوێز و شارە و شار و وڵات و وڵات کردن و شوێنە گۆڕکێکەشی ، دەگەڕێتەوە بۆ دەسەڵاتی ئیمپراتوری عوسمانی بە سەر ناوچەکە و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەشێکی زۆری باکووری ئەفریقا و دەسەڵاتیان لە بەشێکی ئوروپاشدا .

هەر بەو هۆیەشەوە ڕۆژنامەی کوردستان لە ناوخۆی دەوڵەتی عوسمانی و ناوخۆی کوردستان قەدەغە کرابوو و بە دزیەوە و بە نایاسایی بڵاو دەکرایەوە . لە شارەکانی باکووری کوردستان و دیمەشق خوێنەری هەبووە.

لە ژمارەی ٦ی ڕۆژنامەکەوە کاری چاپ کردن و ئەرکی سەرنووسەریەکەی کەوتە دەستی عەبدولڕەحمان بەدرخان کە برای بچوکی میقداد مەدحەد بەدرخان بووە .

ئەوکات وڵاتی میسر لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بووە و ڕۆژنامەکەش بە ناوی کورد و کوردستانەوە بووە و دژ بە دەسەڵاتی عوسمانی نووسیویەتی .ئەم بابەتە دەبێت هوکاری سەرەکی بووبێت بۆ ئەوەی کە نەتوانراوە درێژە بە بەردەوامی و چاپ کردنی لە وڵاتی میسر بدرێت . هەر ئەوە هۆکار بووە بۆ ئەوەی کە دەسەڵاتی عوسمانی تەگەرە بخاتە سەر ڕێگای و هەوڵی ڕێگری کردنی بدات . وەک دەزانرێت کاری چاپ کردنەکەشی لە قاهیرە زۆر ئاشکرا نەبووە .

ئەم ڕۆژە کە مێژووی ڕۆژنامەگەریدا بەگشتی و لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردیدا بەتایبەتی جێگا و پێگەیەکی گرینگی هەیە . دەتوانین بڵێن ئەم ڕۆژە لە مێژووی ڕۆژنامەگری کوردستاندا دەسپێکی گەڕانی مێدیای کوردی بووە بە دوای شوناسی خۆیدا و ڕێچکەی خۆی دۆزیەوە و تا ئێستاش بەردەوامە .

نووسەران ڕۆشنبیران و ئەدیبانی کورد لە دوای بەدرخانیەکان ئەم ڕێچکەیان بەرنەداوە و بە شێوەی جۆراوجۆر و لە ژێر چەندین ناوی دیاریکراودا ڕۆژنامەگەری کوردیان بە زیندویی هێشتوەتەە و تا ئێستاش بەردەوامیان پێداوە .

لە دوای میقداد مەدحەد بەدرخانەوە کەڵە پیاوان و سوارچاکانی ئەم بوارە زەحمەتیان کێشاوە و پێوەی ماندوو بوون و لە ڕۆژگارە ئەسەمەکاندا بەردەوامیان پێ داوە .

عەبدولکەریم ئەفەندی لە ساڵی ١٩١٣ گۆڤاری "ڕۆژی کورد"ی چاپ و بڵاو کردوەتەوە .

موستەفا پاشا یامۆکی گۆڤاری" بانگی کوردستان"ی لە ساڵی ١٩٢٢ دا چاپ و بڵاو کردوەتەوە .

مێژوونوسی گەورەی کورد بەڕێز حوسەین حوزنی موکریانی گۆڤاری "زاری کرمانجی "ی لە ساڵی ١٩٢٦دا چاپ و بڵاو کردوەتەوە .

ئیبراهیم ئەحمەد خاوەنی گۆڤارت "گەلاوێژ" بووە لە ساڵی ١٩٣٩دا .

مامۆستا عەلائەدینی سەجادی خاوەنی گۆڤاری "نزار" و مامۆستا ئەنوەر مائی خاوەنی گۆڤاری "ڕوناهی" بووە .

پیرەمێردی شاعیری گەورەی نەتەوەکەمان ڕۆژنامەی "ژین " دەرکردوە.

لە ساڵی ١٩٤٥دا مامۆستا گیڤی موکریانی گۆڤاری"" هەتاو"" و مەلا شەریفی ڕەنگەڕێژی خاوەنی ڕۆژنامەی "ئازادی" بووە .

ئەم ڕۆژنامانە بە گشتی لە مێژووی ڕۆژنامەگەری کوردیدا بە زۆری بەرچاو دەکەوێت .

لەم بوارەدا ڕەوتی ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرینگی ئەوتۆی پێ نەدراوە و کەمتر باس و لێکۆڵینەوەی لەسەر کراوە . لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا من پێموابێت ڕۆشنبیرانی ئەم دەیانەی کۆتایی سەدەی ڕابردوو زۆر بایخیان بە نووسین لە سەر ئەم بابەتە نەدابێت بۆیە تا ئێستاش زۆر بە کەمی باس دەکرێت . دەبێت یەک لە هۆکارەکانی ئەوە بێت کە بەشێکی زۆر لە نوسەران و ڕوناکبیران بە زمانی فارسی نووسیبێتیان و ڕۆژنامەکانیش وەشانیان زیاتر بە زمانی فارسی بووە . دەتوانین بڵین ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش خاوەنی مێژووی ڕۆژنامەگەری خۆیەتی هەرچەن ڕۆژنامە و گۆڤارەکان زیاتر بە زمانی فارسی نوسراون ئەوەش هۆی تایبەتی خۆی هەبووه .

زمانی کوردی هەمیشە و لە هەموو شوێنە فەرمیەکاندا قەدەغە بووە . بۆ نوسین نەتوانراوە بەکار بهێنرێت و بەکار هێنانیشی سزای بووە . کوردی نوسین لە بەشێکی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤارەکاندا بە کەمی بەرچاو کەوتووە زیاتر لە چوارچێوەی شێعر یان لە پەراوێزی بچوکدا بوون .

هەندێکیان نەبێت کە لە کۆتایی حەفتاکاندا وەشانی خۆیان دەست پێکردبوو . بێجگە لە ڕۆژنامەی کوردستان لە کاتی دەسەڵاتی کۆماری کوردستان .

ڕۆژنامەی کوردستان لە کاتی کوماری کوردستان پێگەی تایبەتی خۆی هەبووە لە دوای کۆماریش وەک ڕۆژنامەیەکی حیزبی بەردەوامیی بە ئەرکەکانی خۆی داوە . ڕۆژنامە حیزبیەکانیش لەو بوارەدا جێگا و شوێنی خۆیان کردوەتەوە .

مامۆستا ئەنوەری سوڵتانی لە نوسراوەیەکیدا بە بۆنەی یادی ڕۆژنامەگەری کوردی و یادێک لە ماموستای مێژوونوس دوکتور کەمال مەزهەر لە باسێکی جوان و بەکەڵک و پڕ لە زانیاریدا لە سەر ڕۆژنامەگەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەنوسێت .

لە ساڵەکانی ١٩٠٩ تا ١٩٧٩ تەنیا لە شاری کرماشان ٦٧ ڕۆژنامە گۆڤار و هەفتەنامە دەرچوون.

لە شاری سنە لە ماوی ساڵەکانی ١٩٠٦ تا ساڵی ١٩٦٨ دەرچوە .

مامۆستا ئەنوەری سوڵتانی هەر لەو وتارەیدا دەڵێت بەداخەوە ئێمەی کورد ئاگامان لە خەبات و ماندوو بوونی ئەو ڕوناکبیر و ڕۆژنامە نووسانە نەبووە کە زۆر جار خزمەتەکەیان بووەتە هۆی زیندانی کردن و ماڵوێرانیی خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەرەکانیان . وەک ئەوەی ئەوان پێوەندیان بە کوردەوە نەبووبێت و نەتەوەکەمان خاوەن ئەو هەموو بەرهەمە بەکەڵکە نەبووبێت.

هەروەها دەڵێت من خەجاڵەتی ئەو مێژووە پڕ لە شانازیەم وا لە بیرم کردوە و هەوڵم بۆ ناساندنی نەداوە .

لە باسەکەیدا باسی ئەم ڕۆژنامە و گۆڤارانە دەکات

لەوانە

ئەبولقاسم لاهووتی شاعیری ناوداری کورد کە لە ساڵی ١٩١٧ پێنجەمین ڕۆژنامەی شارەکەی بە ناوی "بێستوون" وە بڵاو کردوەتەوە .

ساڵێک دوای ئەو مەهدی فەرەحپووری ڕوژنامەوانی سنەیی کارەکەی ئەبولقاسمی لاهووتی درێژە پێداوە .

عیمادالدینی دەوڵەتشاهی ڕۆژنامەی "گەنجوری" ساڵی ١٩٥١

خوسرەوی ئەکبەری ڕۆژنامەی "ڕەهبەری کورد" ١٩٥١

ئیبراهیم وەکیلی سەنەندەجی ١٩٥١ ڕۆژنامەی "دیوان بلخ" .

ئیسمایل شاکری ١٩٥٢ "ێدای کورد" .

دوکتور فەریدون معتمد وەزیری ڕۆژنامەی "ڕازی" کە دانشگار ڕازی کرماشان .

ڕۆژنامەی "گڕوگاڵ" موحسینی شاسواری .

گۆڤاری "مانگ هەڵات" موحەممەد باقر عیوەز .

لە شاری سنە

ڕۆژنامەی "پەیکی کورد" مەنسووری ئەردەڵان ساڵی ١٩٤١

دکتور ئیسمایلی ئەردەڵان ڕۆژنامەی "کوهستان" ١٩٤٤ بە کوردی و فارسی .

کەریم کورد ڕۆژنامەی "کورد و کوردستان" ١٩٥١ سنە

غوڵامعەلی مەلەکی "پەیکاری کورد" ١٩٥٠

دکتور موحەممەدی موکری گۆڤاری "بەغستان" ١٩٥٢ سنە

عەبدولحەمیدی بەدیعیان ڕۆژنامەی "کوردستان" ساڵی ١٩٥٩ تاران

موحەممەد سدیقی موفتیزادە ڕۆژنامەی "ژین" تاران ١٩٤٧ تاران

ابولقاسم مفهەر السەلام ڕۆژنامەی "تەمەدون" ١٩٠٧ سنە

عەلی ئەسغەر ئەمیرانی "خواندەنیها" تاران.

ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی لە سەرەتای دامەزرانیەوە تا ئاخری چلەکان ڕێچکەی نەتەوەیی و نیشتمانی خۆی پاراستووە . وەک ڕاگەیاندنێکی سەربەخۆ وەشانی خۆی کردوە . بەڵام لە نەبووبی کیانێکی سەربەخۆ و ژێر چەپۆکەیی و داگیرکراوی نیشتمانەکەماندا و ئەو هەلومەرجانەی وا بە بێ ویستی خۆمان خولقاوە و نەبوونی پشتیوانیەکی نەتەوەیی وەک نەتەوەیەکی خاون کیانی خۆی . یان لە قەوارویەکی بچوکتر و بۆ سەردەمێکی تایبەتی وەک یەکیەتیەکی نەتەوەیی لە قۆناغی خەباتی ڕزگاریخوازیدا ، وای لێهاتوە لەوە بەولاوە زیاتر بکەوێتە ژێر باندۆڕی هەژموونی حیزب و ئایدیولوژی و بەرژەوەندی حیزبی پەلی بەسەریدا بکێشێ . بەشێکی هەرە زۆریان تا ڕادەیەکی زۆر لە هێڵی و ڕچەی خۆی ترازاوە .

ئێستاش دوای ئەو مێژووە دوور و درێژە لە دوای سەرەڕۆییەکانی سەدام ‌حسەین و شەڕی کەندا و و داگیرکردنی عێراق لە لایەن هاوپەیمانانەوە هەلێک ڕەخسا و کورد بووە خاوەنی کیانێکی نیمچە سەربەخۆ . کە مێدیا و ڕۆژنامەگەری کوردی دڵیان پێ خۆش بوو چاوی هیوایان لە سەری بوو کە هیواکان بۆ مێدیا و ڕۆژنامەگەری کوردی زیندوو بکاتەوە . بەداخەوە لەم کاتەشدا هیچ بایەخی ئەوتۆی پێ نەدرا و یاسایەکی تۆکمەی بۆ دانەڕێژرا کە لە ناشیرینکردن و شەل و پەت کردن بیپارێزێت. بەڵکە خەریکە بە هۆی کۆمەڵێک مێدیای نافەرمی و بە ناو فەرمیەوە لە چڵ و پۆپی دەدرێت و هەڵ ئەپاچرێت و ڕیزمانەکەشی بە وردی و لەسەرەخۆ بەرەو شێواندن و داڕمان دەبەن .

هیوادارین بە هیمەتی ئەو ڕۆشنبیر و نوسەر و ئەدیبانەی وا بە دەربەستی زمانی نەتەوەکەیانەوەن زمان وەک سامانێکی نەتەوەیی و هۆکاری سەرەکیی پاراستنی نەتەوەکەمان لە فەوتان چاوی لێ دەکەن و بە خاوەنداریەتی هەموو تاکێکی دڵسۆزی نەتەوەکەمان هەوڵ و تێکۆشانی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ پاڕێزگاری لە زمانی شیرینی کوردی و لەو ڕێگاشەوە بۆ خزمەت بە ڕۆژنامەگەری کوردی . هەروەها یادی ١٢٣ هەمین ساڵوەگەڕی ڕۆژنامەی کوردستان لە هەموو ڕۆشنبیر، نوسەر، ئەدیب و مێدیاکار و نەتەوەی کورد بەگشتی پیرۆز دەکەین و هیوادارین بە هەمووانەوە پەرژینێکی قایم بین بۆ پاراستنی زمان و کولتوور و ئەدەبیاتی نەتەوەکەمان و بە هەمووانەوە لە چنگی داگیرکەران و هۆکارە ناوخۆییەکانی بپارێزین.
23.04.2021

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین