کۆمەڵکوژی دەرسیم یەک لە گەورەترین کۆمەڵکوژیەکانی مێژووی مرۆڤایەتیە پەیام و بڵاوکراوەکان

بە بۆنەی 84هەمین ساڵی کۆمەڵکوژیەکەی دەرسیم
ماوەیەک نزیکەی حەوت ساڵ داوی شۆڕشی کۆماری ئارارات . بە هاوڕایی کۆمەڵێک لە سەرکردە کوردەکان ئاگری شۆڕشی باکووری کوردستان بە سەرکردایەتی سەید ڕەزا دژ بە سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا و بەریارەکانی بە مەبەستی تواندنەوە و بنەبڕ کردنی نەتەوەی کورد و نەتەوەکانی تری ناو جوغرافیای تورکیا هەڵگیرسا .
دەوڵەتی تورکیا بە دەرکردنی یاسایەک لە ساڵی 1934 دا بە ناوی (سیاسەتی سەرلەنوێ نیشتەجێکردن ) تا بە پێی ئەم یاسایە کەمینەکانی تر و لە هەموویان گرینگتر کوردەکان بە سەر ناوچە زۆرینە تورکدا بڵاو بکەنەوە . بە زۆرەملی وەبەر خوێندنی تورکیان بنێن ، زمانی دایکی لە بیر بکەن و کەلتوور و داب و نەریتی تورکیان بخەنە مێشک و هەموو نەریت و بەهاکانی خۆیان لێ قەدەغە بکەن و لە نێو تورکاندا بیانتوێننەە . لە هەمان کاتدا لە هەر ئەگەرێکدا کۆنترۆڵی تەواویان لەسەریان هەبێت .
لە ساڵی 1935 دەوڵەت یاساکەی خستە بواری جێبەجێ کردنەوە . پلانەکە بە گۆڕینی ناوی دەرسیم بۆ تونجەلی و کوچی زۆرەملی دانیشتوانی دەرسیم و ناوچەکانی دوروبەری دەستی پێکرد.
کوردانی دەرسیم دژی ئەم بریارە بوون و بۆ دەربڕینی ناڕەزاییەکەیان لە کانوونی دووهەمی ساڵی 1937 نامەیەکی ناڕەزاییان بۆ ‌حاکمی شارەکە نارد . بەڵام حاکم لە باتی دوزینەوەی ڕێگا چارە نامەبەرەکانی کرت و کوشتنی .
ئەم کردەوە ژیلەموی شۆڕشی گەشانەوە،سەید ڕەزا کە ڕێبەری شۆڕشەکەی دەکرد ، شۆڕش و ڕاپەرین دەستی پێکرد . لە چەندین شوێن شەڕی چەکداری دژ بە دەوڵەت هاتە ئاراوە و درێژەی کێشا .
دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی سەرکوتی شۆڕشەکە زیاتر لە 25000 سەربازی بە باشترین چەکەکانیانەوە لە ناوچەکانی دەوروبەری دەرسیم ، ئەرزروم و ئەرزنگان دامەزراند . جەنەڕالێکی بە ناوی ئاڵپ دۆغان بۆ سەرکردایەتی شەڕی دژی سەید ڕەزا و شۆڕشەکەی دیاری کرد . دەوڵەت لە پێشکەوتووترین چەکەکانی لەم شەڕەدا کەڵکی وەردەگرت . لە هەر شوێنێک بەرگری و تێکهەڵجوون بوایە دەوڵەت بێباکانە خەڵکی سڤیلی دەکردە ئامانج و بە دڕندانەترین شێوە بە تۆپ و فڕۆکە بۆمبارانی دەکردن.
لە ماوەیەکی کورتدا دووجار شاری دەرسیم بۆمباران کرا . خەڵک هەڵدەهاتن و پەنایان بۆ شاخ و ئەشکەوتەکان دەبرد. دەوڵەتی تورکیا بۆ یەکەمجار چەکی شیمیای و ژەهری دژی شۆڕش و خەڵکی سڤیل بەکار هێنا . سپای تورک درگای ئەشکەوتەکانیان دەتەقاندەوە و زیندەبەچاڵیان دەکردن .
ئیحسان سەبری چاغلیان گول وەزیری دەرەوەی ئەوکاتەی تورکیا وەک شایەد‌حاڵیک باسی کۆمەڵکوژیەکە دەکات و دەڵێت سپا گازی ژەهراوی دژی دەرسیمیەکان بەکار هێناوە . تەنانەت ژەهری لە ئەشکەوتەکانیش دەکرد . نەک تەنیا مرۆڤ هوموو گیانلەبەرەکانیش دەمردن . دەڵێت ئەوەی سپا کردی کۆمەڵکوژیەکی وەحشیانە بوو.
بە سەدان ژنی کورد بۆ پاراستنی خۆیان و کەرامەتیان لە دەستدرێژی تورکەکان لە چیاو خۆیان هەڵدایە ناو ڕوباری مونزورەوە ، مونزوری بە خوێنی کورد سوور، ئێستاشێ پێوەبێت خەڵکی درسیم لە یادی ئەو ڕۆژەدا گوڵ دەخەنە نێو ڕوباری مونزورەوە و پێشکەشی ڕۆحی پاکی ژنانی کوردی دەکەن .
بە گوێرەی هەندێک لە ئامارەکان زیاتر لە 72000 کورد لە کۆمەڵکوژیەکەدا شەهید کراون . لەم کۆمەڵکوژیەدا مەبەست قڕ کردن و بنەبڕ کردنی کوردەکان بە گشتی و کوردە عەلەویەکان بەتایبەت بووە .بە مەبەستی سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی ، کولتووری و مەزهەبی خەڵکی کورد لە دڕندانە ترین شێوە دەستیان نەپاراستوە .
ئەشکەوتی کوتوزیداغ لە دۆڵی ئیسکۆرلا کە دەڵێن 2500 ژن و منداڵ و پیری کوردی عەلەوی لە ترسی شەڕ پەنایان بۆ بردووە سەربازی تورک گازی ژەهراوی دەکەنە ئەشکەوتەکە و دەرگاکەی دەتەقێننەووە .
کۆمەڵێک لە کچان و منداڵانی کورد یان بە زۆر لە بنەماڵەکانیان سەندروان یان لە شەڕدا کەسووکاریان کوژراون و بێسەرپەرست ماونەتەوە . بەشێکیان ڕەوانەی شارەکانی ڕۆژاوای تورکیا کراون تا لە قوتابخانەی "باتیلی ئوکول" وەبەر خوێندن بخرێن کە ئەم قوتابخانە لە بنەڕەتدا لە چوارچێوەی سیاسەتی بەتورک کردنی کوردەکان و نەتەوە ناتوەکەکان دانراوە تا لە نەتەوە و کاسایەتی خۆیان بیانسڕنەوە و بەکاریان بێنن .
بەشێکیشیان ڕادەستی ئەفسەران و کاربەدەستان تورک کراون تا وەک کەنیزەک و خزمەتکار بەکاریان بێنن و سوکایەتیان پێ بکەن .
دیاردەی ڕفاندنی کچ و کوڕی غەیری تورک لە دەسپێکی دامەزرانی کۆماریەوە دەستی پێکردوە و سیاسەتی ئەتاتورک بووە.
کۆمەڵکوژی دەرسیم یەک لە گەورەترین کۆمەڵکوژیەکانی مێژووی مرۆڤایەتیە .
لە یادی ئەم ڕۆژە تاڵ و کارەساتبارەدا تەنیا دەتوانین بڵێی ئێمەی کورد لە ئاست ڕووداوەکان و کارەساتە مرۆییەکانی خۆماندا کەمتەرخەم بووین و نەمانتوانیوە وەک پێویست ئەزموون و لە بەرژەوەندی نەتەوەکەماندا کەڵکی لێ وەربگرین . لە بواری نێونەتەوەییدا کاری لەسەر بکەین و وەک هەموو نەتەوەیەکی تر بە جینوساید و کۆمەڵکوژی نەتەوەیی بە دونیای بناسێنین و لە دادگایەکی نێونەتەوەییدا بکەران و درێژەپێدەرانی ئەو سیستەمە دژە مرۆڤیە کە تا ئێستاش درێژەی هەیە ڕیسوا بکەین . هیواداری پارتە سیاسیەکانی کوردستان یارمەتیدەری ئەو ئۆرگان و ڕیکخراوە مەدەنیانە بن وا لەم بوارەدا کار دەکەن .
با ئێمەی کوردیش مێژووی خۆمان و خەباتی پێشینانمان لەبیر نەکەین و ڕێزی لێ بگرین .

پارتی سەربەخۆیی کوردستان
05.05.2021

 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین