ڕاگەیاندراوی پارتی سەربەخۆیی کوردستان بەبۆنەی کاولکاریەکانی دەوڵەتی تورکیا لە باشووری کوردستان. پەیام و بڵاوکراوەکان

دەوڵەتی تورکیا بە درێژایی مێژوو چاوی لە سەر خاکی بە پیت و بەرەکەتی کوردستان و هەموو ناوچەکە بووە و هەیە. لەو پێناوەشدا هەموو دەرفەتێکی بۆ داگیرکاری کوردستان بەکار هێناوە و قۆستوویەتەوە. چەندین ساڵ لە ژێر ناوی خەلافەتی ئیسلامدا پەرەی بە داگیرکاریەکانی دابوو. دەسەڵات و پاوانی خۆی لە بەشێکی زۆری وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین و باکووری ئافریقا چەسپاندبوو .

لەدوای شەڕی جیهانی یەکەم و داڕمانی دەسەڵاتی ئیمپراتووری عوسمانی و کورت بوونەوەی دەستی داگیرکاری تورکیا لە بەشێک لەو وڵاتانە و دابەشبوونیان بە پێی بەرژەوەندیەکانی ژلهێزانی ئەو سەردەمە، جارێکی تر لە ژێر سایەی زلهێزان دیسانەوە ئیسلامی سیاسی و ئیخوانیەکان و ئیسلامی توندئاژوو هانایان وەبەر هاتوەتەوە و بە شەڕە زەرنگەری نێوانیان لە گەڵ زلهێزانی سەردەم کە هەردووکیان تەواوکەری بەرژەوەندیەکانی یەکترن بە کاوەخۆ ئەسپی دەسەڵاتیان لە زۆربەی ئەو ناوچانە تاو داوەتەوە.

کوردستانی ئێمەش وەک نزیکترین دراوسێ و تێکەڵاوی سنوورەکانمان، یەکەم نەتەوەین وا بەر ئەم شاڵاوە نوێیە کەتووینەتەوە . لە باکوور بە دەیان شار و گوندمان لێ خاپوور و کاول کراوە . بەناوی پڕۆژەی ئاودێری و بەنداوەوە شار و گوند و ئاسەوارە مێژووییەکانمان ژێر ئاو خراون و فەوتاون .لە ڕۆژاوا بەشێکی زۆری ناوچە کوردیەکان داگیر کراون . بەزەییان بە هیچ بوونەوەرێکی نەهاتووە و هەوڵی تەواوی فەوتان و ژینوسایدی ژینگەی کوردستانیان داوە و زۆربەی دار زویتونەکان وا سەرمایەی نەتەوەیی ئێمەن یان بڕیوون و لەناویان بردوون یان لەبەر ئەوەی لە باری کوالیتیەوە یەکێک لە باشترین جۆرەکانی زەیتوونن دزراون و ئاودیوی تورکیا و شوێنە تورک نشینەکان کراون .

ئەوا ئێستەش بە دەیان بیانووی جۆراوجۆر بەشێکی زۆری باشووری کوردستانیان داگیر کردووە و هەمان سیاسەتی تێدا پێڕەو دەکەن. دار و دارستانەکانی دەبڕن و لە ناوی دەبەن و بەرهەمەکەشی بە بەرچاوی دەسەڵاتی باشوورەوە لە وڵات دەبرێتە دەرەوە بۆ وڵاتی داگیرکەری تورکیا و دەسەڵاتیش چاوی لێ نووقاندوە و هەتا ئێستاش بێ هەڵوێستە و بێ دەنگە لە ئاست ئەم تاوانە گەورەیەدا .

لەم کاتە ئاستەمەدا پارتی سەربەخۆیی کوردستان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی و خەڵکی کوردستان وکۆڕ و کۆمەڵە کوردیەکان و ناوەندە ئینجی ئۆییەکان بە گشتی دەکات بەرانبەر بەم تاوانەی ڕژێمی تورکیا بێدەنگ نەبن و ناوەندە نێونەتەوەییەکان لە گەورەیی ئەم تاوانەی تورکیا ئاگادار بکەنەوە و سکاڵا پێشکەش بە نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکیەتی ئوروپا و باقی ناوەندە نێونەتەوەیی و پێوەندیدارەکان بکەن. تا بە تێکڕایی بتوانین ڕێگر بین لە تاڵان و ژینۆسایدی ژینگەی کوردستان کە گەورەترین سەرمایەی نەتەوەییمانە و بەرنگاری شێوە داگیرکاریەکانی تورکیا ببینەوە .

سەرکەوێت خەبات لە پێناوی ڕزگاری یەکجاری و سەربەخۆیی کوردستاندا
پارتی سەربەخۆیی کوردستان

31.06.2021

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین