بۆ یادی گولەباران کردنی 59 لاوی شاری قارەمانی مەهاباد پەیام و بڵاوکراوەکان

ئەگەر لە خۆمانی نەشارینەوە هەر لە دوای ڕۆخانی دەسەڵاتی پاشایەتی و هاتنە سەر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەم نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بە باشی لە مەبەست و بۆچوون و ئامانجەکانی یەکتر تێگەیشتبوون.

یەکەم کۆماری ئیسلامی و کاربەدەستانی بەباشی دەیانزانی ناتوانن نەتەوەی کورد وەک باقی نەتەوەکانی تر بە سانایی بخەنە ژێر ڕکێفی خۆیان و بە ویستی کۆماری پەت و سێدارە بە هەموو ڕاست و چەپێکیدا بدەن ، نەتەوەی کوردیان وەک لەمپەرێک لە ڕێگای بە ئامانج گەیشتنی خۆیاندا دەبینی . ئێمەی نەتەوەی کوردیش هەر لە دەسپێکدا لە هەڵسووکەوتەکانیان زانیمان کە ویست و خواستی نەتەوەییی ئێمە لە چواچێوەی سیستەمێکی یاوادا ، هیچ کە دەستەبەر نابێت لە بنەڕەتیشدا بڕوایان پێی نیە .بۆیە لە یەکەم ڕیفرادندۆمدا بە دەنگێکی بەرز نای بە گوێی کەڕی کۆماری ئیسلامی ئێراندا دا .

هەر لە ئاکامی ئەم سیاسەتە قیزەونەیشیاندا لە دەسپێکی دەسەڵاتیانەوە بە چاوترسێن کردنی نەتەوەکانی غەیری فارس دەستیان پێکرد و ماشینی ئێعدامەکانیان لە کوردستانەوە خستە گەڕ . بۆ چاوترسێن کردنی باقی نەتەوەکانی تر بە شانازیەوە لە مێدیاکانیانەوە ڕایاندەگەیاند و وەک سەرکەوتن باسیان دەکرد . فەرمانی جیهادیان دەرکرد.لە دەیان گروپی پێنج و دە و هەتا سی کەسیی لە شارە جیا جیاکانی کوردستان خەڵکی کوردیان بە پیر و گەنج و ژن و مندالەوە بردە ژێر دەستەی ئێعدام و گولەبارانیان کردن . جەرگی دەیان و سەدان دایک و باوکیان سووتان ، سەدان و هەزاران منداڵیان بێ سەرپەرشت کرد .

دەستەیەک لە هەڵۆ بەرزەفڕەکانی قوربانیانی ئەم ئاکارە قیزەونە دژە مرۆڤیانەی دەسەڵاتی ڕەشی تازە پێگەیشتوو ، 59 لاوی شاری قارەمانپەروەی مەهاباد بوون کە لە ڕۆژ 12 جۆزەردانی ساڵی 1362 لە شاری تەورێز بە سەربەرزیەوە بەرانبەر بە دەستەی ئێعدامی تاریک پەرستانی کۆماری پەت و سێدارە وەستان و سینگیان کردە قەڵغان و ناویان چوە کاروانی بێپسانەوەی شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی.

ئەم کۆمەڵکوژیە و دەیان تاوانی تریان بە سەرماندا هێنا .لە بەرانبەر هەموو ئەم تاوانانە خۆمان تا ئێستا کەمتەرخەم بووین ، بە شێوەیەک کە شیاوی گەورەیی تاوانەکان بووبێت بەدواداچوونی بۆ نەکراوە و وەک کەیسی تاوان نەخراوەتە ڕۆژەو لە دادگاکانی تاوانی نێودەوڵەتیدا . پێویستە ئەم تاوانانە لە یاد نکرێن ، با بە هەمووانەوە بۆ بە نەتەوەیی کردنی هەوڵ بدەین ، بەڵگەی بۆ کۆ بکەێنەوە لێکۆڵینەوەی لەسەر بکەێن ، پەنا بۆ دادگە نێودەوڵاتیەکان ببرێت ،کۆماری ئیسلامی و تاوانباران لە دادگە و ناوەندی نێودەوڵاتیدا ئەم تاوانانەیان بەرەوڕوو بکرێنەوە و بە سزای تاوانەکانیان بگەیەندرێن .

بەو هیوایە هەموو لایەک ئەم ئەرکە نەتەوەیی بە ئەرکی خۆیان بزانن . هەروها هیوادارین وەک ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی هەموومان هاوکار و هاوبیری ئەو ناوەندانە بین کە کارەکانیان بۆ ئەم بوارە تەرخان کردووە و بە پسپۆڕی و شارەزاییەوە هەوڵی لەقاودانی دەدەن .

پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەم ڕۆژەدا سەری ڕێز و خۆشەویستی لە ئاست 59 شەهیدی ڕێگای ڕزگاری کوردستان لە شاری مەهاباد و باقی شەهیدانی کوردستان دادەنەوێنێت کە بوونەتە موشخەڵانی ڕووناکی ڕێگای ڕزگاری و سەربەخۆیی کوردستان.

پارتی سەربەخۆیی کوردستان
02.06.2021

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین