پەیامی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەمەر تێرۆر کردنی موسا باباخانی پەیام و بڵاوکراوەکان

 دیسانەوە جارێکیتر دەستی نگریسی تیرۆری کۆماری پەت وسێدارە لە نێو جەرگەی باشووری کوردستانەوە
گەیشتە خەباتگێڕانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان. قوربانی ئەمجارە خەباتگێڕ و تێکۆشەری بەئەمەکی سەنگەری شۆڕش کاک موسا باباخانی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموکراتی کوردستانە.

لە کاتێکدا مێدیاکانی باشووری کوردستان و هەندێک لە کەسایەتیەکانی کوردستان شاگەشکەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بوون لە پێشوازی سەرۆکی ‌‌‌‌‌‌‌‌‌هەرێمی کوردستان لە فرۆکەخانەی تاران و لە وسف و سەنایدا بوون، لە هەمانکاتدا کۆماری پەت و سێدارە خەریکی بەرنامەرێژی و جێبەجێ کردنی تێرۆری خەباتگیرانی رۆژهات بوو لە ناو دڵی هەرێمی کوردستاندا. کۆماری ئیسلامی ئێران بە تیرۆر کردنی کاک موسا باباخانی پیشانی دا کە نەک تەنیا هیچ گرینگیەک نادات بە 
حکومەت و هەرێمی کوردستان بەڵکو هەر کاتێک بیهەوێت بە ئاسانی دەتوانی بێرێزی بە قەوارە و یاساکانی ئەم هەرێمە بکات. کۆماری ئیسلامی لە پێشووتریشدا بە هۆی موشەکباران کردنی هەولێر و دەوروبەر پیشانی دابوو کە ناهێڵێت هەرێمی کوردستان دەسڵاتێکی سەقامگیر و جێگایەکی ئەمن بێت.کۆماری پەت و سێدارە وا بەم
تیرۆرە بۆ جارێکی دیکەش سەلماندی کە نایهەوێت هەرێمی کوردستان شوێنی ئەمن و ئاسایشی خەباتکارانی
رۆژهەڵاتی کوردستان بێت.
پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەو باوەرەدایە کە ئەم کردەوە قیزوەنەی تیرۆری تێکۆشەر موسا باباخانی لە
پەیوەندی دایە دەگەڵ بریارە بوێرانەکەی دادگای تاوانەکانی هەولێر لەمەڕ مەحکومکردنی تیروریستانی کۆماری
ئیسلامی و سزادانی بکوژانی فەرماندەی حیزبی دیموکراتی کوردستان شەهید قادر قادری.

داگیرکەرانی کوردستان هەمیشە کەڵکیان لە خۆشباوەڕی و هەستی ئێمەی کورد وەرگرتووە بۆ گەیشتن بە ئاواتەکانیان و جێبەجێ کردنی پیلانە نگریسەکانیان. ئەوە نیە بە هەڵکردنی ئاڵاکەمان لە ئانکارا دێن بەشێکی زۆری وڵاتەکەمان داگیر دەکەن، دەیسوتێنن و دار و بەرهەمی دەدزن و بە تاڵانی دەبەن. دوژمن هەرکات لێمان نزیک
بووبێتەوە کوشندەترین و کاریگەرترین گورزی لێوەشاندووین. لەم سۆنگەوە پارتی سەربەخۆیی کوردستان داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارتەسیاسیەکان و خەڵکی 
بەشەرەفی باشووری کوردستان دەکات کە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک خۆی بناسن و بە پێی کردەوە
هەنووکەییەکانیان هەڵی نەسەنگێنن و فریوی چەند کردەیەکی هەست بزوێنیان نەخۆن.
هەروەها ئاگایان لەو هەموو قوربانی و فیداکاریانەی پارتە سیاسیەکان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێت کە لە پێناو سەقامگیری و گەشەی دەسەڵاتی باشووری کوردستان و پاراستنی دەسکەوتەکانیدا داویانە، تا چیتر
ڕۆڵەکانی پارچەکانی تری کوردستان نەبنە قوربانی سات و سەوداکانی داگیرکەرانی کوردستان. بە پێی هەموو یاسایەکی نێودەوڵەتی ئەرکی پاراستنی هەموو دانیشتوانی باشووری کوردستان لە ئەستۆی
‌حکومەتی هەرێمی کوردستان. پارتی سەربەخۆیی کوردستان لە کاتێکدا تێرۆری شەهید موسا باباخانی زۆر بە توندی مەحکوم و ئیدانە دەکات، هەر لەو کاتەشدا داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە بکوژان و بەرنامەدارێژەرانی ئەم تیرۆرە قیزەونە ئاشکرا بکات و بە پێی یاسا بە سزای خۆیانیان بگەیەنێت. لە کۆتاییدا پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵەی سەبەرزی شەهید موسا باباخانی و هەموو خەباتگێڕانی حیزبی 
دیموکراتی کوردستان و خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. هیوادارین خەباتگێڕانی ڕۆژهەڵات هەرچی زیاتر ڕێ وشوێنە ئەمنیەکان ڕەچاو بکەن و ‌حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئەرکی ئاسایش و پاراستنی دانیشتوانی
هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی رۆژهەڵاتیانی کوردستان بە پێی پێویست بەجێ بگەیەنێت.

دەفتەری سیاسی پارتی سەربەخۆیی کوردستان
٢٠٢١/٠٨.٠٨

 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین