٢٨ ی گەلەلاوێژ رۆژی جیهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد پەیام و بڵاوکراوەکان

ئەوڕۆ ٢٨ی گەلاوێژ ٤٢ سال بەسەر فەرمانی جیهادی خومەنیی دژ بە نەتەوەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت  ٢٨ی گەلاوێژ وەبیر هێنەرەوەی ڕق و کینەی شاراوەی دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامیە. خومەینی کە کەڵکی لە هەستی خەڵکی وەزاڵە هاتووی ئێران دژ بە دەسەڵاتی شا وەرگرتبوو، دەیان وەعدەی زێڕین و بریقەداری بە خەڵکی ئێران دا، باسی مافی تاک و گەلانی دەکرد. سەرنجی چەپەکانیشی وەک ئیسلامیەکان بەلای خۆیدا ڕاکێشا. بە باشی دەرفەتەکەی قۆستەوە ڕێبەری شۆڕشەکەی گرتە دەست. 
نەتەوەی کورد یەک لەو نەتەوانە بوو لە شۆڕشی نەتەوەکانی ئێراندا چالاکانە بەشداریی کرد، قوربانی دا و کاریگەری و سەنگی خۆی هەبوو. خومەینی و دەست و پێوەندەکانی وەک دەسەڵاتە یەک لە دوای یەکەکانی ئێران لەگەڵ یەکەم ڕۆژەکانی دەسەڵاتیاندا کە دیتیان کورد نەتەوەیەکی زیندوە و سوورە لە سەر مافە ڕەواکانی خۆیی و بە ئاسانی بۆیان دەستەمۆ نابن و ئامادەیە هەموو جۆرە فیداکاریەکیشی لە پێناودا بکات. هەرچەند کورد ڕێگای ئاشتیانە و گفتوگۆیان هەڵبژاردبوو بەو هیوایەی هەنگاو بە هەنگاو لە ویستە ڕەواکەیان نزیک ببنەوە، کە هەموو ئەمانە ئەرکی هەر نەتەوەیەکە لە پێناو خۆپاراستن لە ژینوساید و خەبات بۆ رزگاری و سەربەخۆیی و سەروەری نەتەوەییدا. نەیانتوانی ئەو ڕق و کینەی بەرانبەر بە کورد بوویان بشارنەوە. لە ٢٨ی گەلاوێژدا فەرمانی جیهادی دژ بە نەتەوەی کورد دەرکرد، بە کافر ناوزەدی کردین و خوێن وسەر وماڵی حەڵاڵ کردین. دەیان کارەساتی وەک بۆمبارانی شارەکان، ئێعدامی بە کۆمەڵی لاوان، کارەساتەکانی قاڕنا و قەڵاتان و کۆمەڵکوژیان وەسەر هێناین. بە فەرمانی خومەینی، کۆماری تازە پێگەیشتووی ئیسلامی بە هەموو هێزەوە هێرشی هێنا، شارو گوندیان بۆمباران کردین، هەر شارێک کە دەکەوتە دەستیان حاکمی شەرعی تێبەردەداین و تیمی تیربارانی لە باوەڕپێکراوانی ڕق لەدڵ ئامادە کربوو. دەستە دەستە کچان و کوڕان و تازە پێگەیشتوان و مێرمنداڵان کە هێشتا نەگەیشتبوونە تەمەنی پێگەیشتوویی لە دادگا چەند خولەکیەکانی دڕندەکانی وەک خەڵخاڵی کە دەسەڵاتی تەواوی لە لایەن خومەینیەوە پێدرابوو حوکمی سێدارەی بەسەردا دەسەپاندندن و جێبەجێیان دەکردن. دەستیان لە بینگی ئەو ئازادیە چەند مانگیەی دوای شۆڕشەکە نا و خنکاندیان. بەشێک لەوانەی وا ئێستا باسی پێکەوژیان دەکەن و بەشێک لە لایەنە کوردستانیەکان پێشبڕکێی هاوپەیمانی دەکەن لەگەڵیان تا ئەوانیش نەکەوتبوونە بە غەزەبی خومەینی بەدڵ چەپڵەیان بۆ لێدەدا. لەوکاتەشدا نەتەوەی کورد تاکە نەتەوە بوو کە هەر زوو لە کردەوەکانی کۆماری تێگەیشتبوو و بۆ بەرگری کردن لە خۆ و وەدەستخستنی مافەکانیان بەرنگاری هێرشە دڕندانەکانیان و تاوانە دژە مرۆڤیەکانیان بوونەوە. 
٢٨ی گەلاوێژ بۆ ئێمەی کورد وەبیر هێنەرەوەی تاوانە دژە مرۆڤیەکانی کۆماری ئیسلامیە لەگەڵ ئەوەشدا وەبیرهێنەرەوەی بریاری مێژوویی نەتەوەی کوردە بۆ بەرەنگار بوونەوەی دوژمنان و داگیرکەران و خەبات و بەرگریی جوامێرانە لە خاک و نەتەوەکەیان. ئێمەی کورد لە ئێران و ئێرانی بوون تەنیا ژینوساید، داگیرکردنی نیشتمان، کۆمەڵکوژی و کوشت و بڕمان پێبڕاوە. با چیتر ڕۆڵەکانمان نەبنە قوربانی. 
مێژوو ئەوەمان پێ دەڵێت سەربەخۆیی تەنیا ڕێگا چارەیە بەتەمای دراوسێ بێت تریتت دایم ویشکە.
 سەرکەوێت خەبات لە پێناو ڕزگاری یەکجاری و سەربەخۆیی کوردستان
 پارتی سەربەخۆیی کوردستان

2021/08/19

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین