پەیامی پارتی سەربەخۆیی کوردستان لەمەر سی و یەک ساڵەی تێرۆری شەهید عیفەتی قازی پەیام و بڵاوکراوەکان

کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە دەسپێکی گرتنە دەستی دەسەڵاتەوە، ئێعدام و تیرۆری کردە سەرەکی ترین شێوەی بەرنگار بوونەوەی نەیارانی. هەر لە ساڵەکانی هەوەڵی دەسەڵاتیدا بە هاوکاری دەست و پێوەندەکانی لە ڕێکخراوە تیروریستیەکانی وڵاتانی دەوروبەر تیمەکانی تیرۆری تەیار و ئامادە کرد. بە هۆی ڕێکارە دیپلۆماسیەکان ئاسانکاری بۆ کردن و سەفارەتخانە و کۆنسولگەریەکانی لە هەموو جیهان بۆ کردنە مۆڵگەیەکی پارێزراو. لەو ڕێگایەوە چەرخی تیرۆری خستە گەڕ و زۆرێک لە سەرکردە سیاسیەکان و چالاکانی سیاسی خاوەن پێگەی کردە قوربانی. نموونەی تیرۆرەکانی ڤیەن، بەرلین، پاریس ، قیبرس، و....هتا دوایی. بە شێوەیەک لە هەر کوێیەکی ئەم جیهانە هەلی بۆ بڕەخسایە دەستی دەوەشاند، دەتوانین بڵێین بەشێکیش کەمتەرخەمی سەرکردە سیاسیەکان بۆخۆشی یارمەتیدەر بوو لە بە ئامانج گەیشتنی تیرۆریستان. لە زۆر شوێنیش خۆێنی ئەم قوربانیانەی دەستی تیروریزمی جیهانی فیدای بەرژەوەندی ئابووری دەوڵەتانی کانگای دیموکراسی و مافی مرۆڤ کرا.
هەر لە بەردەوامی ئەم تیڕۆرانەدا سی و یەک ساڵ لەمەوپێش کاک ئەمیری قازی سکرتێری پارتی سەربەخۆیی کوردستانیان کردە ئامانج و لە هەوڵێکدا بۆ تیرۆر کردنی کاک ئەمیری قازی بە هاوکاری جاش و بەکرێ گیراوی ناوخۆیی بۆمبێکی لە شێوەی نامەدا لە سەندوقی پۆستی ماڵیان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان لە شاری وێسترۆسی وڵاتی سوید دانا. یای عیفەتی قازی، کچی پێشەوا قازی موحەممەد و هاوسەری کاک ئەمیری قازی وەک ڕۆتینی ڕۆژانە کە دەیهەوێت نامەکانی لە پۆستەکە دەر بهێنێت، بەداخەوە بۆمبەکەی پێدا دەتەقێتەوە و شەهید دەبێت. ئەم ڕووداوە دڵتەزێنە لە دەروە و ژۆرەوەی روژهەڵات و لە سەرانسەری کوردستان و ئەرووپا دەنگی دایەوە و بوو بە هەوێنی نەفرەتێکی هەراو لە کۆماری ئیسلامی ئێران. شەهید عیفەت خانم لە گەڵ ئەوەی کچی پێشەوای نەمری کوردان بوو و لە مەکتەبی ئەو سەرکردە هێژایە بە بیری کوردایەتی گۆش کرابوو، خۆی وەک کەسایەتییەکی ناسراوی ناو کوردی ڕۆژهەڵات خاوەنی جێگە و پێگەی خۆی بوو. نموونەی دایکێکی دڵسۆز و خۆڕاگر و فەداکار بوو. لە ماوەی چەندین ساڵ ئاوارەیی و دەربەدەری هاوسەری بەڕێزی، کاک ئەمیری قازی، سەرەڕای هەڕەشە و فشاری حکومەتی سەردەم وەک ژنێکی ئازا و خۆ ڕاگر و بە تاقەت لەپەروەردە کردنی دوو کچەکانی ( تارا و ئاڵا) کەم و کورتی نەهێنا. بەرهەمی ئەو خۆ بەخشییە هەردووک کچی بەڕێزیان ئێستا لەوڵاتی سوئید پزشکی سەرکەوتوو و ناسراون.
بە تیڕۆڕی زاڵمانەی عیفەت خانم دوژمنایەتی داگیرکەرانی کوردستان کۆتایی نەهات و نایە. فەرق ناکا کام ڕژیمی داگیرکەر دەسەڵاتدارە. پێشەوای مەزن بە دەستی حکومەتی پەهلەوی و کچی پێشەوا بە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەردەم وشوێنی جیاواز شەهید دەکرێن. هەر دووک بەڕێز لە کات و هەل مەرجی جیاواز بەشێوازی جیاواز باجی کوردایەتی دەدەن.

 با تیڕۆڕی عیفەت خانم پەند بێ بۆ هەموان، کەرێگای رەها بوونمان لە پاکتاوی نەژادی وتوانەوەمان تەنیا تێکۆسانە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و دامەزراندنی دەوڵەتی ناسیۆناڵی کورد و بەس.
روح و یادی شەهید عیفەت خانم بەرز و بەڕێز بێت. 
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازی کوردستانی مەزن. 

پارتی سەربەخۆیی کوردستان 
٢٠٢١/٠٩/٠٧
 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین