لە کوێوە بۆ کوێ!، نووسینی گۆران ئەمیری پەیام و بڵاوکراوەکان

لە کوێوە بۆ کوێ!

له بيرم دێ سولەيمانی كه داروملكی بابان بوو

نە مەحکوومی عەجەم نه سوخرەكيشی ئالی عوسمان بوو

شاری سلێمانی لە ٢٣٨ ساڵ بەر لە ئێستا لە لایەن برایم پاشای بابان بنیات نرا. ئەم شارە، ماوەیەکی دوور و درێژ پێتەختی میرنشینەکەی بابان بووە پاش کۆتایی هاتنی شەڕی یەکەمی جیهانی و لێک هەڵوەشانەوەی ئیمپراتۆری عوسمانی بە پێتەختی دەوڵەتی مەلیک مەحموودی نەمر ناوی دەکرد.

لەسەردەمی ئێستاشدا لەلەیەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە نازناوی پێتەختی ڕۆشنبیری پێ بەخشراوە. هەتا نەمانی رژێمی بەعسیی سەدامیشەوە، لە پێناو ڕزگاری کوردستان بە هەزاران ڕۆڵەی قارەمانی کردۆتەوە قۆچی قوربانی ڕێگای ئازادی و سەربەستی. مەزاری پیرۆزی شەهیدانی ڕێگای کوردایەتی شان بەشانی هەزاران گەورەپیاوی وەک شێخ مەحموودی نەمر، کاکە ئەحمەدی شێخ، رەفیق حیلمی و جەمال نەبەز، عزەدین مستەفا رەسوڵ و کەمال مەزهەر و شێخ مارفی نۆدێ و حەفسەخانی نەقیب و زۆربەی میران و ... حاکمانی میرنشینی بابان لە گۆڕستانەکەی سەیوان و مامە یارە بۆ مێژووی پڕ لە سەروەری و شانازی شاری سلێمانی بەڵگەی حاشا هەڵنەگرن.

جگە لەوەش ئەم شارە وێڕای ئەوەی مەکۆی رووناکبیران و تێكۆشەرانی وێژە و ئەدەب و زانست بووە، حەشارگە و لانکەی خەباتی نەهێنی و ئاشکرای خەباتگێڕانی کوردی هەر چوارپارچەی کوردستان و مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندین شۆرش و ڕاپەڕینی مەزن بووە کە لە مێژووی كوردستاندا بۆ هەمیشە بە هەرماوی دەمێننەوە. دەڤەری سلێمانی بە شاری نووسەران و شاعیران و هونەرمەندانی ناوداری وەک، پیرەمێرد، نالی، مەحوی، فایق بێکەس، سالم، کوردی، لەتیف هەڵمەت، مستەفا بەگ،شیخ ڕەزا تاڵەبانی، شێخ مارف نۆدێ، شێركۆ بێکەس، هەردی، کەژاڵ ئەحمەد، حەمە ساڵە دیلان، حەمە جەزا، عدنان کەریم و دەیان و سەدان کەسایەتی ناوداری کورد ناسراوە. بۆیە پێویستە حیسابی نەک هەر خەڵکی سلێمانی باخەڵکی بەشەرەفی باشوور لەو لایەن و بەرپرسانەی بەناوی خەڵکەوە بەوپەڕی نەشیاوی و قیزەونی قسە دەکەن و بێ ڕێزی بە هەست و شعووری کوردانی پارچەکانی دیکەن، هەڵاوێرین.

فەزای سیاسی ئەمڕوی سلێمانی مەخابن لە ژێر سایەی هێندێک کەسی سەرلێشێواو وەکوو گوڵەبەڕۆژە لەگەڵ رابردوو گەلێک جیاوازی هەیە !
پرسیار ئەوەیە تاوانبارانی سەرەکی ئەم ئاڵوگۆڕە ناپەسندانە کێن؟ کێ بە کۆیلەی ئەویتری لێ کردوون؟! هۆکار دەبێ چ بێ؟ بەرژەوەندی؟ خۆبادان و خۆ بۆ عەجەم شیرن کردن؟...

کولتوری سەرشۆڕی و سۆخرەکێشی بۆ سەفەوییە و عوسمانلی لەکۆمەڵگای ڕەسەنی سلێمانی نامۆ و غەریبە. دڵنیام هەموو ئەوانەی داردەست وئەوینداری بزەی بێگانەن و کەڕامەتی نەتەوەیە بە سووکی و بێ بەها بە داگیرکەران دەفرۆشن دەبێ چاوەڕوان بن کە لافاوی تووڕەیی خەڵکی نیشتمانپەروەری سلێمانی لەکاتوساتی گونجاودا یەخەیان پێی دەگرێ و سەزای خیانەت و خۆفرۆشی خۆیان وەردەگرنەوە.
کورد گوتەنی حەیا دڵۆپێک ئاوە، کە ڕژا کۆ ناکرێتەوە.ئەوانەی بە سازی داگیرکەرانی کوردستان خۆبادەدەن، لە رووڕەشی و سەرشۆڕی زیاتر دەستکەوتێکی تریان گیر ناکەوێت. بێگومان خەڵکی کوردستان بەتایبەتی سلێمانی ئاگادارن تیرۆریست قاسم سولەیمانی، لە سەرجەم وڵاتانی ئازاد و دێموکراتی جیهاندا و لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بە تێڕۆڕیست ناسراوبوو و ناوی لەناو لیستی ڕەش دابوو و لە هەموو ناوچەکەشدا بە تێکدەر و ئاژاوەگێڕ ناودێر کراوە، باشە بۆ دەبێ لە لایەن پارێزگاری سلێمانییەوە کۆڕی مامەتەمینی بۆ دابنرێت و قوڕی بۆ وەسەر بکرێ؟ ئەوە لەکاتێکدایە وڵاتی زلهێزی ئەمریکا بە ئاشکرا گوتوویەتی من ئەو تیرۆریستەم لەناو بردووە بۆ ئەوەیکە ناوچەکە هەناسەیەکی سەربەست و ئازاد بکێشێ و چیدیکە ئاژاوە و کوشتاری لێی نەمێنێ، ئێمە چ چاوەڕوانییەکمان لەو وڵاتانە هەبێ کە ئەوان تیرۆریست لەناو دەبەن بۆ ئاسوودەیی ئێمە بەڵام ئێمەش شینگێڕی بۆ دەکەین؟؟!! لەلایەکی دیکەش هەر لەو ڕۆژانەدا لە هۆڵێکی سلێمانی کاتێک درووشم و قسەی بریقەدار بۆ گەورە خوێن مژێکی کورد کە دەستی بە خوێنی هەزاران کوردی ڕۆژهەڵات سوور بووە، هەڵدەکوترا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە سنەی خوێناوی زارا محەممەدی بە تاوانی فێرکردنی زمانی کوردی ٥ ساڵ سزای بەندیخانەی بەسەردا دەسەپێ و حەیدەر قوربانیش لە کامیاران بە تاوانی پێوەندی دەگەڵ بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات سەری مەردانە دەچێتە سەردار و ئێعدام دەکرێ... هەروها سەیرتر ئەوەیە هەر لەو ڕۆژەشدا لە شاری کورد مەڵبەندی چوار محاڵی بەختیاری ئاگر لە داوەڵی نەحسی قاسم سولەیمانی بەردرا .
دەبێ خەڵکی دڵ برینداری کورد لە چاوەشانی بەردەرگای بێگانە و جیرەخۆرانی داگیرکەران چاوەڕوانی چی بکات!

من لەو باوەڕە دانیم هیچ کوردێک لە رۆژهەڵات بە هیچ قیمەتێک ئامادە بێ عەلی کیمیایی بکا بە پاڵەوان و دەستخۆشی کیمیابارانەکەی هەلەبجەی لێ بکا و لە سنە و
کرماشان کۆڕی ماتەمینی بۆ دابنێت.
بە داخەوە بەشێک لە کاربەدەستانی خاوەن بڕیار، ماڵی خۆیان کردۆتە لانەی سیخوڕی و شوێنی داڕشتنی پیلان بۆ ڕووخاندن و هەڵوەشاندنەوەی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و بریندار کردنی هەست و نەستی کوردان.

بەرهەمی بریندار کردنی هەستی نەتەوایەتی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دووبەرەکی و ناکۆکی، بێ باوەڕی و ناهومێدی و دژبەری لێ ساز دەبێ ئەویش لە ئاواتەکانی دوژمنانی گەلەکەمانە. لەڕاستیدا ئەمجۆرە کردەوانە بەمەبەستی جێبەجێکردنی کردنی پلانی مەترسیداری داگیرکەرانی کوردستان دەئارادان. بەرپەرچ دانەوە و بەرەنگاری لەگەڵ ئەم دەسیسانە و لە قاودان و ناساندی ئەم زاتانە لە پلەی یەکەمدا ئەرکی سەرشانی خەڵکی سەربەرزی شاری هەڵمەت و قوربانییە، ئینجا ئەرکە بۆ هەموو کوردێکی نیشتمان پەروەر.
هاونیشتمانی بەڕێز!
مەترسی توانەوەی هزری نەتەوەییمان بەدەستی دوژمنانی خۆماڵی لە هەموو کاتێک زياتر بەدی دەکرێت.

سووک کردن و لە بەر چاوخستنی هێماکانی نەتەوەیی، چاندنی تۆوی بێ هیوای، خۆبەکەم زانین لە بەرامبەر نەتەوەی سەردەست، دوور خستنەوە لە کولتووری ڕەسەنی کوردی، ژەهراوی کردنی ژینگەی و هەوا و ئاوی سەر زەوی وبن زەوی، بەتاڵان بردنی سامانە سروشتییەکان، دزین و گۆڕینی شوێنەوارە کەوناراکان، گۆڕینی ناوی گوند و چۆم و چیاکان، بە بیابان کردنی خاک و سوتاندن دارستانەکان، کڕینی خاک و ماڵ لە دانشتوانی کوردستان، کۆچ دان و نیشتەجێ کردنی کەسانی ناڕەسەنی دژەکورد لە شارەکانمان، سازکردنی گۆڕستانی تایبەت بۆ فارس و تورک وعەرەب لە سەر خاکی کوردان، پەرەپێدان بە خیانەت و خۆفرۆشی و جاشایەتی، شکاندنی کەرامەت و شکۆی ڕێبەران و کەسایەتیە سیاسی و ناسراوەکان، بڵاوکردنەوە مادەی هۆشبەر بەشێوازێکی بەربڵاو، تێکەڵاوکردن و تێخزاندنی وشەی بێگانە لە زمان و ئەدەبیاتی کوردی، سازکردنی دوو بەرەکی و کێشەی ئایینی، شکاندنی
هەیکەل و کێلی مەزاری گەورە پیاوان و نوسەران و شاعیران، سازدانی شەڕی نەفسی لە ڕێگای زندان و لەسێدارە دانی سەر بزێوان، بڵاو کردنەوەی بیری دژ بەخۆ بوون، خوڵقاندنی هەوای ترس و تۆقاندن و... بەشێکن لە پلان و پڕۆژەکانی داگیرکەرانی کوردستان کە لە بەڕێوەدەچن و جیره خوارانیش ئاو دە ئاشی ئاسیمیلاسیۆنی نەتەوەکەمان دەکەن.
مخابن لە بەرامبەر پلانی داگیرکەران ئێمەی کورد لەوپەڕی پرش و بڵاوی داین و تا ئێستاش هێڵە نەتەوەیی و نیشتمانیەکان کە لە ناو هەر نەتەوەیەکی داگیر کراودا گەورەترین هاندەر ودینەموی یەکیەتی و یەکگرتن و هاوخەباتین، کراونەتە قوربانی بەرژەوەندی حیزبی و بنەماڵەیی. بەرژەوەندیە نەتەوەییەکان تەنیا لە ڕواڵەت و شعاردا خۆ دەنوێنن .
گەلۆ ! ئێمەی کورد تاکەی دەبێ مێژوومان دووپات بێتەوە ئيتر بۆ خۆ پەڕاندنەوەی خۆمان ناکرێ هەموو تاوانەکان بخەینە ئەستۆی داگیرکەران .

گۆڕان
12/01/2022

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین