خەرمانانی هەرماو، نووسینی سەلیم حەقیقی پەیام و بڵاوکراوەکان

ئێوارە هاوینێک کە ڕەشماڵان بارگە و چیغیان تێک دەنا، لە کوێستانێکی کۆچەر و لەسەر ڕەوەزی نیشتمانێکی سوور لەژێر سێبەری خڕی دەم کانیاوی شەتاو بۆنی خوێنی سڕ و قژی زەرد و ناوی بەرزیان قەراری بڕیبووم، دوو دڵۆپە خوناوکەی زێڕین بە کەژاوەی فرمێسکێکی ڕوون چوونە هەناوی شار و لە بیچمی فریشتە لەسەر باڵی پەپوولە خرخاڵ و ملوانکەیان کردە دیاری، دوو پەریی بوێر لە ئاسمانەوە باڵیان گرت و بوونە شەونم و بەسەر ئاخی تینوودا بارین، ئەوان ڕوندکی هەور و کەش و سەقا و پاناو نەبوون، ئەوان خەرمانەی مانگ و جیلوەی بەهار و هەناسەی میترا، شمشاڵێک بوون مێشکی گەنیوی کۆنیان کون کون دەکرد و سروشتێکی سەربزێوی ئەوینداری مرۆڤ و چیا و گوڵ و جامانە و ملوانکە و باران و میوان و هەوری و مێلاقە و شلێرە و مەمۆڵە حەزی لێبوون ...
لە مێشکم دا ئەفسانەیەکن پیرۆز، لە بیرم دا هێمای ڕابوون، لە ئاسماندا هەتاو و لە زەوی ڕووبار و لە ژووری هەموو مرۆڤێک پەرستار و لەسەر تاخچە نیگارێکی هەرماو، باوەشیان پڕ لە شێعر و هەناسەیان عەتر و ڕوخساریان بووکێکی سووری ئەرخەوانی. گوڵە لاولاوە بە پەیژەوە سەرهەڵدەکا و دەخزێتە هەناوی ژان و باڵا دەگرێ و بە شیرێک هەرەسم دەکا و ڕێگا هەتڵە دەکا ... لێم ون نابی مەگەر ئاخ چاوم داپۆشێ و ئەلحەد سەرم بگرێ. هەتا هەتەر کا سۆمای چاوم، هەر ئەتدۆزمەوە باوانی خەیاڵی خاک، سرەوەی سکڵی گڕ ...
بە دەنگی ژێی تەمبوور دەتلاوێنمەوە ئۆگری لایەلایەی نیشتمان، خەمی وڵات هەمووی سووتمانێکە لە دڵی سپی و چاوانی ئەفسووناوی مەرگی برا، نزایەک هەتا مەل فڕی چریکەی هەراسانی باڵندەیەک و قاسپەی کوێستانێکی بێکەس و غەوارەیەکی تینوو بە خوێنی کەعبەی هەورام.
دوو پەڕەسێلکە لە کونجی ئەو نیشتمانە مەزنە هۆنەری ئەوێنێک بوون بە ڕەنگی کەسک بۆ ژیان و سپی خۆشەویستی و خوێنێکی سوور لە دەماریان قەتیس، ئەوان لە ساڵی دوای فەرمان، فەرمانە و هەزارجار دەبمە فریزوو زەرد دەبم و دەڕوێمەوە. بەباوەشێک برا کۆشێک نەشمیلان و بەرهەڵبێنەی سپی تاسکڵاوێکی خونکارانە ڕوحیان دەبەر مەسیح دەنا و لەبەر وڵات کڕنۆشی خاکیان دەکرد و لەسەر داوێنی تاڵوو بە پێکەنینەوە ڕەگیان دادەکوتا و لەژێر هەتاو سەریان بەرز دەکرد و شەرمی خۆر دەبووە خەرمانە و تریفە هێور فریشتەی لەباوەش دەگرت و شەوی شەهلا ڕێژنەیەک شەم شاری دادەگرت. برا برا، ڕۆڕۆ ناکەم هەتا ماوم ئەسرین دەکەمە ڕووبار و بێستانی بۆسۆی هەناومی پێ دەدێرم، پاراو دەبێ ئەوکاتەی غەمێکی قورس و هەنیسکێک، قوڕگم دەگرێ و سڵ دەکا نایەتە دەر لە جەرگی کێڵدراوم، هەموو کازێوەیەک دەمی خەرمانان برووسکەیەک، تەزوویەک، مچووڕکێک، بێ هەست لەشم دادەگرێ و مژێکی تووش سینگم دەگرێ و دەمباتە سەر دار، پەتێکی ڕەشی هۆنراو بە کەزیلەی ڕەشماڵیکی ون، سپیدارێک لە لێرەواری بوغزی ئەهریمەن ئەوندە تەم، ئەوەندە ڕەش، ئەوەندە تاڕ، ئەوەندە نگریس و ئەوەندە تاڵ و قیزەون، بێزم لە دار و پەت و کورسیلە دەبێتەوە ...
ئەوە بێشکەی مێژووە و کۆرپەی سەرتاسەری ئاخمی پێ دەلاوێنمەوە و وانەی ژن و ژین و ژان و خۆشەویستی و ئەمەگ و بوێری و کەرامەتی مرۆڤی پێ دەهۆنمەوە، ئەوان هەرماوی شەقامێکن لە شاری شەڵاڵ لەخوێن هەتا ڕۆچنەیەک هەبێ هیوا پێخوست دەکا، ئاواتی ئەو دژەی قاڵم دەکاتەوە و جوانیم هەڵداوەسێ و بێ بزەیانە دامدەپڵۆسێ، ئاژەڵی پیرۆز!
کاتێک شەماڵێکی فێنک لە کازێوەیەکی غەریب جۆلانەی بە دوو پەتی شێت دەکرد، هۆنراوەی قەتماخەبەستووی دوو شەهلای نەسرین، لە بارەگای نیشتمان بە زەردەخەنەیەکی تاڵ حەز و ئاواتیان تیماری ئەو مێشکانە بوو لە زناوی نەزانی و قۆپیی کۆنەپەرەستی و ماخولیای تەنکەڕدێنێکی بۆگەن، نوقمی زێراوێکی گڵاو بوون، ئەوان بە قاقایەکی گەوجانە وایاندەزانی دوو گوڵ دەژاکێنن، ئەوان تینووی هەڵقرتاندن و گۆشدراوی خوێن بوون، ئەمە خەیاڵێک بوو خاو، دوو بنە گێلاس هەزاران ئاژێر دەداتەوە.
لە چاویان پەردەیەکی ڕەشی ئاماڵ مەرگ، وایاندەزانی سڵ دەکەن، دەشەمزێن، هاواری ترس و پەژیوانی دەچڕن، دەلەرزن، تێک دەچن، دەبوورێنەوە، چۆک دادەدەن، دەمیان ویشک و دەنگیان کز دەبێ... نا نا، ئەوان بە پەلی بەن نێوکیان بڕابوو کنێرە دەسرازە و شیلان مەمکۆڵە و بەستەڵەکی چلوورە کایە و ئاوی کانیاو ژەکی دایک و چیای زانست مێشکێکی پەیت، بە خوێندن فڕچکیان گرتبوو، بە گەورەیی بە زانایی بە ئەهوەنی بە شۆڕش و سەرهەڵدان، بە مافخوازی بە هەستێکی پڕ لە مرۆڤایەتی لە دیوەخانی مێرێکی مشووری قووڵ و مەند و برای جوامێری دەهەندە و دلۆڤان.
ئەوان وەک دوو پەرستاری دڵسۆزی وەفادار نەیانویست مەرگی یەکتر ببینن ...
بەو هەرماونییە! لە تەنیشت بەردەبێر بەڵێنم دا هەوار چۆل نەکەم و چیا و شار بکەم بە گوارەی نیشتمان و هەتا هەتا هەتایە کڕنۆش بەرم بە گەورەیی دوو تەمەنی گەنج کە خوێنی دەماری شۆڕشیان هەڵبەست و بوون بە هەور و برووسکە و هەموو خەرمانان بەسەرماندا دەبارن ...
 

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین