ئەزموونەکانی شەڕی ڤیتنام، نووسینی گۆران ئەمیری پەیام و بڵاوکراوەکان

داری ئازادی بە خوێن ئاو نەدرێ قەت بەر ناگرێ سەربەخۆیی بێ فیداکاری ئەبەد سەر ناگرێ

 هەر چەند زیاتر لە نیو سەدە لە دەسپێکی شەڕی ڤێتنام تێپەڕ بووە باندۆڕی خەبات و خۆڕاگری خەڵکی ڤێتنام و سەرکردە بەناو بانگەکەی، لە سەر خەباتی ڕزگاریخوازی زۆر نەتەوەی داگیرکراو هەرماوە هەتا هەنووکەش سەرچاوە و ئیلهامی ڕێبەریی و ئولگوی خەباتی زۆر لە گەلانی ژێر دەستە و داگیرکراوە. ڤێتنام، ئەو گەلەی لە
نامومکین مومکینی وەدیهێنا و بە ئیرادە و عشقی ڕزگاری وڵات، چەند دەولەتی داگیرکاری وەک فەڕانسە و ژاپۆن و ئەمریکای بە چۆکدا هینا. بەتایبەت ئەمریکای خاوەن گەورەترین هێزی سەردەم، لە بەرانبەر بەرەنگار بونەوەی گەلی ڤێتنام تووشی شۆکێکی مەزن و شکستێکی گەورە هات و ناچاریان کردن بە سەر شۆڕی لە وڵاتەکەیان دەرچن. لە ڕاستیدا ڕاوە ڕێویان پێکردن. بە ئیرادەی پتەو و ورەی بەرز سەلماندیان هیچ هێزێک بەرگەی ئیرادە گەل ناگرێ. هەرچەندە لەو شەڕدا وڵات و گەلی ڤێتنام خوێن و خەسارێکی زۆری دا بەڵام ئاهەنگی سەرکەوتن بەسەر داگیرکەرانی بێگانە هەموو ئازارەکانی لە بیر بردنەوە و زامی شەڕی چەندین ساڵەی ساڕێژ بوونەوە. شەڕی ئامریکا-وێتنام ساڵی 1955 دەستی پێکرد، نزیک بیست ساڵی ڕەبەقی خایاند و لەساڵی 1975 کۆتایی پێهات. ئەو شەڕە بە درێژترین شەڕی سەدە بیستەم ناودێر کراوە. لە ماوەی 20 ساڵ شەڕی وێتنام ئەمریکا لە هیچ تاوانێک دژ بە خەڵکی وێتنام دەستی نەپاراست. ڕێژەی بۆمبەکانی کە ئەمریکا بە سەر خاک وخەڵکی ڤێتنامدا ڕژاندی، زیاتر لە تەواوی ئەو بۆمبانە بوون کە لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا هاوپەیمانان و هەواڵبەندەکان بە دژی یەکتر کەڵکیان لێی ورگرت. سەربازانی ئەمریکی بۆ پێشگری لە خۆ حاشار دانی ویت کۆنگە جەنگاوەرەکان لە ژێر دار و دەون و دۆڵ و دەرەکان لە ژەهری ( agent organ) Rainbow Herbicides یان ژەهرە زەردەکە،کەڵکیان وەردەگرت. لە ساڵی 1969 زياتر لە 1000000 هێکتاری لە دارستانەکانی ئەم وڵاتە سوتان و لەناو بران. بۆ لە ناوبردنی سەر چاوە خۆراکیان بەسەر زەوی و زارە کشتوکاڵییەکان جۆرێک ژەهری دەیکەیان دەپرژاند کە سەوزە و میوەکانیان ژەهراوی یان نابووت دەکرد. لەماوەی ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرەدا نزیک بە 76000000 لیتر مەوادی ژەهراوی بەسەر 688000 هێکتار لە زەوی جوتیاران و جەنگەڵەکانی وێتنام وکامبۆج و لائۆسدا پڕژاند، بە تایبەت شالیزارەکانی برینج و هەموو بوونەوەرەکانی باکووری وێتنامیان ژەهراوی کرد و ژینگەی وێتنامی بە تەواوی شێواند. لە ئاکامی ئەم بۆمبارانە جگە لەوەی کە 3000000 میلیۆن کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە کوژران 12000000کەسیش ئاوارە و سەدان هەزار کەس نەقوستان و کەم ئەندام بوون. ئەو شەڕە ماڵوێرانکەرە کاردانەوەی لە سەر سێ جیل و نبشی داهاتووش دانا. لەسەر یەک خەڵکی ڤیتنام بەکۆمەڵ تووشی دەیان نەخۆشی دەروونی و پرسگری زاوزێی مێینەکان بوونەوە. 500000 لە دایکان پێشوەختە تووشی مناڵ بوون هاتن کە زۆربەی مناڵەکان ناتەواو ونەقوستان بوون. خەڵکی وێتنام ناچار بوون بۆ پاراستنی گیانی خۆێان و مناڵەکانیان لە ژێر کێو و جەنگەڵەکان هەزارن کیلۆمەتر تونێل و زاخەی پێچاو و پێچ لێدەن و تەنانەت قوتابخانە و نەخۆشخانەکانیشی تێدا حەشار بدەن. بە حاڵەشەوە ئەمریکاییەکان بەزەییان پێ نەدەکردن. بە بۆمبی شیمیایی خنکێنەر و ناپاڵم، حەشارگەکانیان دەکوتا و لە زاخە و تونێلەکاندا بە کۆمەڵ دەیان کوشتن و دەیان خنکاندن. پێویستە بڵێن دوای هەزاران رۆژ شەڕ و خوێنڕێژی ئەمریکا خویشی 58200 کوشتە و 300000 بریندار و 169 میلیارد دۆڵاری خەسارەت وێکەوت و بە بێی هیچ دەستکەوتێک ناچار بوو بەڕوو زەردی خاکی وێتنام بەجیی بهێڵێ. لەو شەڕەدا خەڵکی فەقیر و بێ دەستەلاتی ڤێتنام توانیان شکۆی گەورەترین هێزی سەربازی جیهان تێک بشکێنن و بە چۆکیدا بهێنن. سەرکەوتنی گەلی ڤێتنام بە سەر سێ دەوڵەتی داگیرکەری فەڕانسە و ژاپۆن و ئەمریکا، ئێستاش شانازییەکی گەورەیە بۆ گەلانی ئازادیخواز. داستانی خۆڕاگری و پشوودرێژی و باوەڕی بەخۆبوونی شۆڕشگێڕانە لە مێژووی گەلانی سەربەخۆیی خوازی جیهاندا، سەرچاوە و ئیلهامی ڕێبەریی خەباتی گەلانی ژێر دەستەیە. لە پشت شکۆی ئەم گشتە قوربانی و نەسرەوتن ناوێک هەبوو و هەیە کە بەردەوام لە مێژووی مرۆڤایەتیدا بە ڕێز و سەرسامییەوە باسی بکرێ. ئەو کەسەش هۆشی مین (باڵندەی نوور) سەرکردە بوێر و خۆبەختکری شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی ڤێتنامە. کورد گوتەنی "سۆ وە سۆ دەچێ گڵۆڵە وە پۆ دەچێ" هۆشی مین کوری کەسێک بە ناوی (نگوین سین ساک) کە مامۆستایەکی نیشتمان‌پەروەر بوو کە لەکاتی داگیرکاری فەڕەنسی قەبووڵی نەکرد کە مناڵان وڵاتەکەی لە جیاتی خوێندن بەزمانی دایکی لە قوتابخانەکاندا فێری زمانی بێگانە بن. دژایەتی باوکی هۆشی مین لەگەڵ پلانی داگیرکەران ئەبێتە هۆکاری ئەوە کە لە قوتابخانە دەر بکرێت. لێ کۆڵ نادا و گوند بە گوند دەگەڕێ، زمانی دایکی فێری ماڵان دەکات. ئەم شیعارە: * ئەوەی زمانی داگیرکەر بخوێنی و پارەی داگیرکەر سەرف بکا لە ئێمە نیە* بوو به سرودی مناڵان. ڕێبەرایەتی ژیرانەی هۆشی مین وخوێن و خەبات و کۆڵنەدانی گەلی ڤێتنام، راماڵینی داگیرکەران و ڕزگاری و یەکگرتنەوەی ڤێتنامی لێ کەوتەوە. دەبا مێژووی ڤێتنام پەندێک بۆ ئێمەی کورد بێت و بزانین بۆ ڕزگاری و گەیشتن بە سەربەخۆیی پێویستە پشت بە هێز و ئیرادەی خەڵکی خۆمان ببەستین. 

گۆران 19/01/2022 
سه‌ر چاوەی زنیاریەکان کتێبی " جنگ ویتنام" ( Vietnam War) نووسینی فیلیپ گوین.

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین