ئەوە چۆن بوو کورد لە نێونەچوو؟، نووسینی دکتۆر جەبار قادر پەیام و بڵاوکراوەکان

ئەوە چۆن بوو کورد لە نێونەچوو؟

زانایان کاتێ باس لە پرۆسەی دروستبوونی ئیتنۆسی کورد لە مێژوودا دەکەن، دەگەڕێنەوە بۆ دوو هەزار و پێنج سەد ساڵ لەمەوبەر. هەندێکیان پێیان وایە کە پرۆسەی کامڵبوونی کورد وەک گروپێکی ئەتنیکی سەربەخۆ هەزار ساڵی خایاندووە و لە کۆتاییدا بەر لە هەزار و پێنج سەد ساڵ لە سەر شانۆی مێژوو پەیدا بووە. تەنها شوێنەوارناسان و پسپۆرانی مێژووی کۆنی ڕۆژهەڵاتی نزیک، دەتوانن لەم بارەیەوە زانیاری ورد پیشکەش بکەن. نە باسەکەی من لێرەدا ئەمەیە و نە من پسپۆری ئەم بوارەم. باسەکەی من تایبەتە بە پرسێکی تر کە لەم چەند دێڕەی خوارەوە ئاماژەی پێدەکەم. 
لەو کاتەوە کورد لە سەر شانۆی مێژوو پەیدا بووە و تا ئێستا، لەو ناوچانەی کورد لێیان دەژی، مێژوو ناوی دەیان گەل و گروپی ئەتنیکی بۆ تۆمار کردووین، کە ئێستا ناویان لە ناواندا نەماوە. بە پێی هەندێ سەرچاوەی مێژوویی لە ماوەی ئەو  دوو هەزار و پێنج ساڵەدا زیاتر لە ٢٥ گەل و گروپی ئەتنیکی جیاواز لەو ناوچەیە لە نێوچوونە. پرسی لە نێوچوون بۆ خۆی قسە زۆر هەڵدەگرێت، چونکە زۆربەی ئەوانە لە نێو گەلانی دوای خۆیاندا تواونەتەوە و بە ناوی ترەوە هاتوونەتە سەر شانۆی مێژوو. 
پێویست بەوە ناکات ئاماژە بە ناوەکان بکەین، چونکە ئەوەی هەندێ شتی لە بارەی مێژووی کۆن و سەدەکانی ناوەڕاستی ئەو ناوچەیەی خوێندبێتەوە، ئەو ناوانەی بە بیر دێنەوە. 
پرسیارەکەی من لێرەدا ئەمەیە: ئەوە چۆنە، کورد کە ئەو هەموو سەدەیەی بەژێردەستەیی و داگیرکراوەیی بەسەر بردووە، نە خۆی و نە زمانەکەی، کە هیچ کاتێ زمانی دەسەڵاتێکی ئایینی و دونیایی دەستڕۆیشتوو نەبووە، لە نێونەچوونە؟. 
ئەمە پرسیارێکە دەکرێ زۆر بە دوای وەڵامەکەیدا بگەڕێین، مخابن تا ئێستا وەڵامێکی زانستی یەکلاکەرەوە لە ئارادا نیە. دەکرێ دید و بۆچوون و لێکدانەوەی جیاواز لەم بارەوە هەبن، بەڵام وەڵامێکی زانستی پشتبەستوو بە سەرچاوەی ڕەسەن و یەکلاکەرەوە لە ئارادا نیە. 
شەڕ و شوڕی هەمیشەیی بە درێژایی ئەو مێژووە و وێرانکردنی شوێنەوار، قەڵا و شارەکانی کوردستان و لە نێوبردنی بەڵگە، نووسین و سەرچاوەکان بە هۆیەکی سەرەکی ئەم بارەی مێژووی کورد دادەنرێ، ئاخر بەڵگە نەبێ، مێژوو نییە.  
ئەوەی پێویستە لیرەدا بوترێ: دەبێ ئەم نەتەوەیە چ هێزێکی ناوەکی تیدا بێ، بەرگەی ئەو هەموو داگیرکارییە سەربازییە، سیاسيیە، ئابوورییە، ئایینییە و کولتوورییە...تاد گرتبێ و مابێتەوە؟. 
بەلای منەوە ئەمە جۆرێکە لە کاری نەکردە، هەر ئەمە بۆ خۆی دەبێ مایەی شانازی بێ بۆ هەموومان. لە کاتە سەخت و دژوارەکاندا ئەم هێزە ناوەکییە، کوردی لە سەر پێ ڕاگرتووە.   نەیارانی کورد هەموو هەوڵیان بۆ ئەوەیە وای لێ بکەن باوەڕی بە خۆی نەمێنێ و خۆی بخواتەوە. پێموایە لەو کاتانەدا ئەو هێزە ناوەکییە دەکەویتە کار. 
هەڵبەتە زۆر باش دەزانم کە ئێستا ئەم قسانە دەردی کەم کەس دەرمان دەکەن، بەڵام ئەوانەی مێژووی سەدان ساڵەی کورد و گەلانی تریان خوێندووەو لە ئەزموونی گەلانی دونیا ئاگادارن، دەزانن دە ساڵ و بیست ساڵ بۆ مێژوو وەک دڵۆپێک ئاو وایە لە زەریایەک.  
لە کاتێکدا هەموو ژمارەی کورد یەک دوو ملیۆن کەس بوو، دوو سێ هەزار خوێنەواری نەبوو، نیوەی خەڵکەکەی کۆچەر بوو و لە ژێر خێوەتدا ژیانی بەسەر دەبرد، هێڕشی عەرەب، بویهی، سەلجوقی، ئەتابکی، ئیلخانی، قەرەقۆینلوو، ئاق قۆینلوو، مەغۆل، عوسمانی، سەفەوی، ئەفشاری، قاجاری، ئینگلیز، فرەنسی، رووس، تورکی کەمالی، ڕەزا شا و بەعس و خومەینی و چەندین وردیلە داگیرکەر و وێرانکەر و تاڵانچی تری بینی و لەنێونەچوو، لەم سەردەمەدا کە ژمارەی زیاتر لە پەنجا ملیۆن و ئەم هێزە لە بن نەهاتووەی خوێنەوار، شارەزا،  پیشەوەر و کرێکار و جوتیاری هەیە، چۆن لە نیو دەچێ؟.    
هەندێ کوردناس ئاماژە بە هەندێ خاڵ دەکەن کە بەشێک لەم پرسە ڕوون دەکەنەوە.  بۆ نموونە پێیانوایە گەلێکی بێ دەوڵەت و سەروەری وەک کورد پشتی بە هەندێ دامەزڕاوەی دیکەی کۆمەڵایەتی وەکوو هۆز و خێڵ بەستووە کە لە کاتی مەترسیدا کۆچی کردووە و خەڵکەکەی پاراستووە و ئابوورییەکەشی لە گەڵ خۆیدا پێچاوەتەوە و پەنای بردووەتە بەر چیاو و شوێنە دوور دەستەکان و لە چاوەڕوانیدا بووە تا مەترسییەکان ڕەوینەتەوە.

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین