ورچی سپی وکووپە هەنگوینی ئۆکڕاینا!, نووسینی گۆران ئەمیری پەیام و بڵاوکراوەکان

ڕووسیە گەورەترین  وڵاتی زەبەلاح و گەورەی جیهانە. پانایی ئەم وڵاتە ٥٠٠٠ مایل و درێژاییەکەی ٢٠٠٠مایلە،ڕووبەری ئەم وڵاتە ١٠ لەسەدی هەموو وشەکانیەکانی گۆی زەوی دەگرێتەوە  . 
دوای وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە رەدەی یەکێک لە بەهێزترین زڵهێزەکانی سەربازی جیهان دەژمێردرێت . لێ بە هۆی نا سەقامگیری بواری ئابووری، لە ڕیزی خوارەوەی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان جێی گرتووە. داهاتی ساڵانەی تاکێکی ڕووسی  نزیک بە دە قات لە داهاتی تاکێکی سویسی و نۆروێژی کەمترە. 
سیاسەتمەدارانی وڵاتی روسیا وێڕای نیگەرانی لە تەواوی زەمینەکاندا،  دەبێ  بەردەوام  ئاوڕێکێش لە پرسی جوغرافیایی وڵاتەکەیان بدەنەوە.
(٧٧%)خەڵکی  وڵاتی ڕووسیا لە بەشی ڕۆژئاوای ئەم وڵاتە دەژین.  زۆرترین حەشیمەتی ڕووسیە لە مۆسکۆ و دەوروبەری کۆبۆتەوە .
 هەڵکەوتوویی جوغرافیایی وڵاتێک دەتوانێ هەم وەک شورەیەکی قایم وسروشتی، ئەولەکاری وڵاتەکە بپارێزێت، دەشتوانی گەلێک گرفت و پرسگری بێ چارەسەری بۆ ساز بکات. بۆ نموونە هەبوونی ئوقیانووس و دەریاکان لە بەشێک لە سنوورەکانی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە   بەرژەوەندی ئەولەکاری نیشتمانی ئەم وڵاتەدا دەشکێتەوە . هەر جۆرە هێرش و پەلامارێک بۆ سەر خاکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پێوستی بە تەداروکات و ئامادەکارێکی پڕ تێچوو و هەراو هەیە، کە هەل و دەرفەتی ئەوتۆ بۆ کەم هێزی دەوروبەری  دەڕەخسێت. 
لە قاڕەی ئەورووپا وڵاتی فەڕەنسەش هاوشێوەیەکی وەهای هەیە. چیا بەرزەکانی ئالپ و دەریای رەش و کێوەکانی پیرنە و  ئوقیانووسی ئەتڵەس و کاناڵی ئینگلیس و ڕووباری ڕاین، فەڕانسەیان دەورپیچ کردوە و وەک شورەیەکی قاێم لە بەرامبەر هەر هێزێکی بێگانەدا بەربەستن، بەڵام نیوەی سنووری ڕۆژ هەڵاتی فەرانسە پارێزراو نييە، لە شەڕی یەکەم و دووەمی جیهانی ئاڵمانیەکان توانیان لە ڕێگای سنووری بێلژیک و لۆکزامبۆرکەوە دزە بکەنە ناو خاکی فەڕانسە کە خاڵێکی بێهێزی بەرگری ئەو کاتی فەرانسە بوو. 
ڕووسیە لە دوای ساڵی ٨٨٢ ی زایینی بۆ بە هێزکردن و پەرەپێدانی وڵاتەکەی و قایمکردنی سنوورەکانی، بڕیاریدا کە وڵاتانی دەوروبەری بە خۆشی یان بە ناخۆشی، بخاتە سەر خاکی وڵاتەکەی خۆی . 
دوای چەند سەدە ناو و ناوبانگی دوک نشینی مۆسکۆ بەخێرایی لە و مەڵبەندە بڵاو بۆوە. پێش تاج لەسەر نانی"ئیوان مخوف" ، ئەم وڵاتە سنوورەکانی خۆی لە خۆرهەڵاتەوە هەتاکو چیاکانی ئۆڕاڵ و لە باشووریشەوە هەتا زنجیرە چیایاکانی قەوقاز و لە ڕۆژاواش هەتا کێوەکانی کارپات فراوان کردەوە. ماوەیەک دواتر بەخێرایی دەشتی  سارد و سڕ و بەستەڵەکی  سیبریاشیان خستە سەر خاکی خۆیان. رووبەری سیبریا ئەوەندە گەورەیە ، لە ئەرگەری  هەر هێرش و پەلامارێکدا  سیبیریا  وەک لەمپەرێکی بەهێزی سروشتی سنووری وڵاتەکەی لەو بەشەدا بە باشی دەپارێزێت.
هێرشکەران بۆ گەیشتن بە بەشی ناوەندی رووسیە پێویستە لە ئاو و بەستەڵەکێکی بەرفراوان و کێوەکانی ئۆڕاڵ تێپەڕ بن، کە ئەوەش هەڵگری کات و هزینەیەکی زۆری ماڵی و مرۆڤیی نامومکین دەبێ، کە لە توانای هیچ هێزێکدا نییە شانی وەبەر بدات.

لە دەسپێکی سەدەی نۆزدەهەم ڕووسیە وەک  وڵاتێکی لەگێران نەهاتوو چاوی لێ دەکرا. بۆ داگیرکردنی ڕووسیەی پان وبەرین هاوکاری چەندین وڵات و ١٣ میلیۆن سەربازی کۆک و پۆشتە و پڕ چەک  پێویستە. هیچ وڵاتێک بە تەنیایی ناتوانێ ئەو وڵاتە داگیر بکات. بەڵام لە بواری ئابوورییەوە هەرگیز  لەگەڵ وڵاتانی دەورو بەری خۆی هاوتا و هاوتەراز نییە . سەرانەی ناخالیسی ئەو وڵاتە لە ڕیزبەندی وڵاتانی جیهان، لە پلەیەکی نزم دایە.
مێژوو سەلماندویەتی ولاتانی خاوەن  هێزی دەریایی کارا، توانیویانە لە ڕیزبەندی وڵاتانی  زلهێزی جیهانی دا جێپێ خۆیان خۆش بکەن و دەستەڵاتیان بەر سەر  وڵاتی دیکەدا  بسەپێنن. لەو سەردەمدا گونجاوترین شێوازی گەیشتن بە پلەی ئابوورێکی بەرز، دامەزراندنی هێزی دەریایی بوو. دەورانێک وڵاتانی وەک ژاپۆن و ئینگلیس و سپانیا بەهێزترین  ناوگانی دەریایی جیهانیان هەبوو . دەبێ بزانین هەموو وڵاتە بەهێزەکانی دونیا  لە سەر کەنارەکانی دەریای گەورەن  هەڵکەوتوون و بەشێکی زۆری سنووری وڵاتەکەیان بە ئاو و دەریا  دەورپیچ کراون.
بازەرگانی و هینان وبردن هەموو کەرەسەی ژیان و هاتوچۆ لە نێوان وڵاتانی جیهان لە رێگای دەریاوە ساناتر و بەسەرفەترە .   
ڕووسیە، سەرەڕای هەبوونی ٢٣هزار مایل هێڵی کەناراو،  راستەوخۆ دەستی بە دەریای گەرم ڕاناگات. زۆربەی دەریاکانی ئەو وڵاتە  بەستەڵەک و سەهۆلبەندانن. هەرچەندە بۆ  پاراستنی سنورەکانی  ئەم وڵاتە گرنگێکی تایبەت و بە نرخیان هەیە بەڵام لە زۆر بواری دیکەوە ڕێگر و بەربەستن. قووڵایی ئاوی زۆربەی بەندەرەکانی ڕووسیە  بۆ هاتووچۆی پاپۆرە گەورەکانی بازرگانی و جەنگی نەگونجاون.
هەر وەها زۆربەی ئەو باریکە ڕێگایانەی کە لە ئوقیانووسەکان  سەر دەردەهێنن لەژێر چاودێری و کۆنترۆڵی و سەیتەرەی وڵاتانی ئەندام لە پەیمانی ناتۆ دان. لە ئەگەری هەر هێڕشێکی  ڕووسیە بۆ سەر هەرکام لە ولاتانی ئەندامی پەیمانی ناتۆ لە ڕێگای دەریاوە،   رووبەڕووی  بەرگری و کێشەی  گەورە و  زۆر کارەساتی جەنگی و ئابووری دەبێتەوە.

وڵاتی ڕووسیە لە گەڵ ١٤  وڵاتی ئوروپایی و ئاسیایی  هاوسا و هاو سنوورە. بەر لە ساڵی ١٩٩١  بە شێکی زۆری ئەو وڵاتانە  لەژیر ڕێبەریی و سەیتەرەی  یەکێتی سۆڤیەتی پێشوودا بوون. لەدوای  ٢٦ی سێپتەمبەر ١٩٩١ و هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەتی کۆن  ١٥ کۆمار لە کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەت سەرپشک کران لەو  دوو بژاردەیە یەکێکیان هەڵبژێرێن! یان لە گەڵ  فیدراتیوی نوێ ڕووسدا بمێننەوە یان  وەک وڵاتێکی ئازاد، سەربەخۆیی خۆتان   ڕابگەیەنن. تێگڕای ئەو وڵاتانە کە ئوکرایناش یەکێکە لەم پازدە وڵاتە، لەو کاتەوە بە سنووری دیاریکراو  و ئالای تایبەت بە خۆیان، وەک وڵاتێکی سەربەخۆ لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون بە خاوەنی کورسی تایبەت بە خۆیانن.  
 ئۆکڕاینا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە داوی هەڵوەشاندنەوەی سۆڤیەت، ماوەی ٣١ ساڵە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەک وڵاتێکی سەربەخۆ ناسراوە. ئەو وڵاتە دوای ڕووسیە یەکێک لە گەورەترین وڵاتانی ئورووپاییە کە ، لەگەڵ فیدراتیوی ڕووسیە هاوسا و هاو سنوورە.  ئۆکڕاینا لە بواری سامانە سروشتییەکانی سەر زەوی و بن زەوی وڵاتێکی زۆر زەنگینە. ئۆکڕاینا خاوەنی ٨٠٠٠  کان ٩٠ جۆر کانزای بە نرخی وەک ئاسن و نەوت و گازی سروشتی ، جیوه، تیتانیوم و نیکل، خەڵووز، منگنز و زێڕ ، بەردی بە قیمتی وەک کریستال، ئامیتیست و  بەردی کارەبا، بریل و دەیان کان و کانزای ناسراوی دیکەیە . خاکی کشتوکاڵی ئەو وڵاتە خاکێکی ڕەشی یەکجار بەپیت و پڕ بەرهەمە. دەیان جۆری گەنم و جۆ وپەتاتە و میوەی جۆراوجۆر  لە ڕێژەیەکی بەرچاودا لێ بەرهەم دێت. ساڵانی پێشوو نازناوی* سەبەتەی نانی سۆڤیەتی* پێدرا بوو .  لە هەموو ئەو بابەتانەدا لە دونیا دا ناو بەدەرەوە و شازە. لە ڕیزبەندی جیهانیدا پلەی هەرە بەرزی هەیە . ٥٠%   پێویستی ئاسنی فیدراتیوی ڕووسیە لە  ئۆکڕاینا وەردەگیرێ.  
لە باری هەڵکەوتوویی جوغرافیایی وژئۆپۆلیتیکەوەش هەم بۆ فیدراتیوی ڕووسیە و هەم بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا جێگە و پێگەیەکی زۆر گرنگی هەیە. هەموو ئەو تایبەتمەندییانە لەجیاتی ئەوەی  ببیتە مایەی خیروبێر  بۆی بوونە بەڵای گیانی، چاوی تەماحی  شەرق و غەربی بەدواوەیە. بەشێکی هەرە زۆری سەبەبی هێرشی ڕووسیە بۆسەر ئۆکڕاینا بۆ ئەم  تایبەتمەندیەیانە دەگەڕێتەوە کە لە سەرەوە ئاماژەیان پێکرا.  لە ڕاستیدا نزیک بونەوەی ئۆکڕاینا لە ناتۆ، ئاتۆ و بەهانە نییە بۆ هێرش و داگیرکاری ڕووسیە بۆ  سەر خاکی  ئۆکڕاینا.  کاتێک ساڵی ٢٠١٤ ڕووسیە بە فەرمان ولادیمیر پوتین بە ڕۆژی ڕووناک و لەبەر چاوی یەکێتی ئەوروپا و ئەمریکا و ریکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان هێرشی کردە سەر کریمە و  بە ملهوڕی بە خاکی ڕووسیەوەی لکاند، دژکردەویەکی ئەوتۆی لە لایەن کۆمەڵگای جیهانی لێ نەکەوتەوە، وا تێگەیشت کە لە داهاتوودا دەتوانێ هەر وڵاتێکی پێی خۆش بێت داگیری بکا و کەسیش متەقی لێ دەر نەیە.

بە لێکدانەوەی هەموو شڕۆڤەکارانی سیاسی  ئەگەر پوتین تەنانەت هەموو  خاکی ئوکرایناش داگیر بکات و بەسەرکەوتنی خۆی بقەبڵێنی مەحاڵە لەو زڵکاوەی تێیچەقوە بتوانی خۆی دەرباز بکات. بەڕواڵەت واوێدەچێ ورچی سپیی سەری لە کووپە هەنگوینی ئۆکڕایندا گیر بخوات. ئەوەش تەڵەیەکە کە ڕۆژئاوا بۆی داناوە و ئۆکڕاینا وەک چێشکەی ئەم  داو وتەپکەیە کەڵکی لێ وەردەگیرێ .
ئەوەی لە لای دیکتاتۆران بایخی نییە و گوێی پێنادرێ  پاراستی مافی مرۆڤ و رێزدانان بۆ ڕای گشتی و بەهەند گرتنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە. قەیسەرەکانی ڕووس  بەردەوام خەونی گەیشتن بۆ سەر کەنارەکانی ئاوی گەرمیان دەدیت.  لە بەردەوامی ئەم بیرۆکەیە لەمێژ ساڵە پۆتینیش هەر وەک ئیمپراتۆریەکانی پێشووی ڕووس فکری زیندووکردنەوە و دووبارە بنیات نانەوەی ئیمپڕاتۆری سۆڤیەتی لە بەرنامە دایە، داگیرکردنی کریمە یەک لە هەنگاوانە بوو. هەر ئێستاش بەشێکی زۆری هێرشی پوتین بۆ سەر ئوکراینا  لە سەر بنەمای ئەو خەون و خیاڵه دایە. 
ئەگەر پۆتین لەم شەڕەدا سەرکەوتوو بێت درێژەی ئەم هێرشانە لە پلانی درێژخایەندا یەک بە یەکی ئەو پانزە وڵاتەی سۆڤیەتی پێشوو کە بوونە خاوەنی سەربەخۆیی و سەروەری خۆیان دەگرێتەوە و هەموو ئەوانیش دەبێت خۆیان بۆ شەڕێکی هاوشێوەی شەڕ و داگیرکاریەکەی ئۆکراینا ئامادە بکەن.
دیکتاتۆران باوەڕیان بە لە دەستدانی  دەستەڵاتی زاڵمانەی خویان نییە و هەرگیز لە مێژوو و ڕابردووی کەسانی وەک خۆیان دەرس وەرناگرن. ڕاستە ڕووسیە خاوەنی  یەکێک لە پڕ چەکترین و بە هێزترین وڵاتانی جیهانەو لە هیچ بوارێکەوە لە گەڵ ئۆکڕاینا بەراورد ناکرێت. بەڵام جیاوازی بەرامبەرەکان لەوە دایە   کە رووسەکان وەک داگیرکەر هێرشیان کردۆتە سەر وڵاتێک کە لە یاسای نێودەوڵەتیدا تاوانە، هاوکات دونیاش لە دژی پۆتین و گروپە  مافیاکەی وەستاوە. لایەنەکەی دیکە خەڵکی ئۆکراینن کە لەو کاتەدا دژی داگیرکەری بێگانە لە ژێر فەرماندەهی سەرۆککۆمارێکی ئازا و بە ورە بە سەر وماڵ پارێزگاری لە وڵات و ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان دەکەن. 
جۆ بایدن  بە ولادیمیر زیلینسکی سەرۆککۆماری ئۆکڕاینا  پێشنیار دەکات کە فرۆکەی تايبەتی بۆ دەنێرێ و بەخۆی و ژن و دوو مناڵەکەی ئەوە مافی پەنابەرێتیان پیدەدرێ! 
زیلینسکی ٤٤ ساڵە وڵامی جۆ بایدێن دا داتەوە و دەڵێ: من خەڵکی خۆم بە جێ ناهێلم ئێمە پێویستمان بە چەکە  نە فڕۆکەی سواری. ئەکتەرە کۆمێدێنەکەی ئۆکڕاینا بە پێچەوانەوەی پێشبینیەکانی نەیاران و داگیرکەران وەک قارەمانێکی خۆشەویست لە گەڵ خەڵکی خۆی ماوەتەوە  و بۆتە دینامۆی     بەرخۆدانی خەڵک و سەربازانی ئۆکڕاینی. هەر ئێستا لە مەیدانەکانی شەڕدا بە جلوبەرگی سەربازیەوە وەکو سەربازێک بەشداری شەڕە و خەڵکەکەی بەجێ نەهێشتووە.

زێلێنسکی بووەتە هێما و هیوای ڕزگاری،  سەرۆکێک کە لەگەڵ ئازارەکانی ھاوڵاتییەکانی دەژی. زۆر لە مێژ نییە کەسانی وەک ئەشرەف غەنی، قەزافی هەڵاتن و سەدام حسێنی خوێنمژیان لە کونێکدا دەستگیر کرد بەڵام سەرۆککۆماری ئۆکرانیا کە خاوەنی ئەزموونی سیاسی و شۆڕشگێڕی پێویستیش نییە ، هەر ئێستا وێڕای خەڵکەکەی دژ بە داگیرکەرانی رووسی وەک سەرکردەیەکی ئازا  بەکردەوە لە مەیدانی شەڕ دایە . بەشداری سەرۆکی ئازا و لە خۆ بردووی ئۆکڕاینا هاندەرە بۆ بەشداریی هەراوی خەڵک لە دژی داکیرکاری رووسیە. خەڵکی ئۆکڕاینا بە سەر وماڵ لە سەرۆکە هونەرمەندەکیان پشتیوانی دەکەن. هەر سەرۆکێک جێ باوەری خەڵکی خۆی بێ و پشت بە میللەتی خۆی ببەستێت تێک ناشکێ. ئەو بەرخۆدان و بەرگریەی ئێستای ئوکرانیا کە هەستی خۆشەویستی بۆ نیشتمان و نەتەوەی دینەمۆکەیەتی و دەسەڵات و ئوپوزسییۆنی کردوەتە سەربازی یەک سەنگەر و بە ڕۆح و گیان بەرگری لە خاک و نیشتمانەکەیان دەکەن دەم بە دەم و سنگ بە سینگ بۆ نەوەکانی داهاتووی ئەم گۆی زەویە دەگوازرێتەوە و ڕێزی لێ دەگیرێت و دەبێتە وانە  و دەستی بە سنگەوە بۆ دەگیرێت.
ئۆکڕاینا چ سەرکەوێ وچ سەر نەکەوێ  ولادیمیر زیلینسکی سەرۆککۆماری ئۆکڕاینا وەک قارەمانێکی ئەفسانەیی  ناو دێڕ دەبێ.

هەر کاروانێ بۆ پرشنگی خۆر بڕوانێ کەم بن یان زۆر سەرئەنجام دەگەن بە خۆر 
بژی ئازادی، بژی سەربەخۆیی

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین