سەبارەت بە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی کوردستان و کێشەی نیوان پکک و پارتی دیموکراتی کوردستان پەیام و بڵاوکراوەکان

لەگەڵ نزیک بوونەوە لە سەد ساڵەی پەیمانی لۆزان و کۆتایی پەیمانی سایکس دەوڵەتی تورکیا بە گشتی و ئەردوغان بەتایبەتی کە  خەونی زیندوو کردنەوەی ئێمپراتوری عوسمانییان لە سەردایە لە هەموو لایەکەوە پەلداوێژن تا بتوانن لەو ناوچانەی وا لە پەێمانی لۆزان لە دەستیان دەرچوە جارێکی تر پێیانی لێ قایم بکەن و بە هێزێکی تۆکمەوە شەڕی داگیرکاریان دەست پێبکەنەوە و بیانخەنەوە ژێر چنگی نگریسیان . نمونەکانی باشووری کوردستان، ڕۆژاوا کوردستان و سوریا ، لیبی و یەمەن .
لەکاتێکدا ئەوە ئێمەی کورد بووین کە دەبوا بە یەکیەتی و تەباییمان و بە ئاواتی گەیشتن بە ڕزگاری یەکجاری و سەربەخۆیی کوردستان هەر لە ڕۆژە یەکەمەکانی پەیمانی لۆزانەوە نەخشە و پلانمان بۆ کۆتایی پەیمانی لۆزان دارشتبایە و دونیای دەرەوەمان لێ بوروژانایە، بەرژەوەندیەکانمان لەگەڵ ئاڵووگۆڕەکان و بەرەپێشچوونە ئابووریەکان لە گەڵیان لێک گرێبدایە. سەد ساڵی چڕ و پڕ لە پێشکەوتن و بەرەوپێشچوون و پێوەندی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا ماوەیەکی گونجاو بوو بۆ دەستەبەر کردنی لۆبیەکی یەکلاکەرەوە بۆ ئەم قۆناغە لەبار و هەستیارانەی ئەم سەدەی، دەبوا بۆ ڕۆژێکیش لێی غافڵ نەبووینایە . بەڵام مخابن لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، هەرکات ئاڵوگۆڕە نێودەوڵەتی و هەرێمیەکان هەلێکی ئەوتۆیان بۆ ڕەخساندبێن بۆ وەی هەنگاوێک لە خەونەکانمان نزیک بینەوە و ببینە خاوەن نیمچە سەربەخۆییەک وەک ‌ئێستای حکومەتی هەرێمی کوردستان، داگیرکەرانی کوردستان هاوکار و هاوپەیمانی یەکتریان چڕتر کردوە لە پێناو چاندنی تۆوی دووبەرەکی و خۆشکردنی ئاگری شەڕی خۆکوژی وبراکوژی، خۆشمانیان کردوەتە دەستەچیلەی ئەو شەڕە نگریس و خۆسووتێنە، قەقنسی جەستەی سووتاویشمانیان کردۆتە خەڵوزی سوتان و برژانی نەوەکانی داهاتوومان . 
دەوڵەتی تورکیای داگیرکار ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوایی هەر ڕۆژە و بە بیانوویەک، ڕۆژێک لە باکوور ،ڕۆژێک لە باشوور و ڕۆژێک لە ڕۆژئاوای کوردستان بە بەرچاوی دنیا و بە چەکی ناتۆ و بەناو پارێزەرانی مافی مرۆڤەوە هێرش دەکاتە سەر خاکی کوردستان و ژن و منداڵ و پیر و گەنجی وڵاتەکەمان دەکوژێت. وڵاتمان داگیر دەکات، دغڵ و دان و ژینگەمان دەسووتێنێت و دەشێوێنیت و لەناو دەبات، دار و دەوەن و ڕەز و باخ و کوێستانمان  دەسووتێنن و ڕەحم بە ئاژەڵ و هیچ بوونەوەرێکی وڵاتی داگیرکراومان ناکەن، دیموگرافی وڵاتەکەمان دەشیوێنن، بە زۆر رامان دەگوێزن و لە جێگای ئێمە عەرەب و تورک و فارسی تێدا نیشتەجێ دەکەن، دار زەیتونەکانمان لە ڕێشەوە هەڵدەکێشن و دەدزن . ئێستاش چەن ڕۆژە هێرشەکانی لە ناوچەکانی زاب و ئاواشین دەستی پێکردوە و بێڕەحمانە وڵاتمان بومبباران دەکات خاکمان دەسووتێنیت . بە هێزەوە لە سەر خاکی کوردستان پێشڕەوی دەکات و بنکە و مۆڵگەی نوێ دادەمەزرێنێت. مێژو و هەڵسوکەوتەکانی تورکیا تا ئێستا نیشانی داوە کە ئەگەر لە شوێنێک نیستەجێ بن، لێی دەمێننەوە و چوڵی ناکەن. تا ئێستا زیاتر لە ٣٦ مۆڵگەیان لە خاکی کوردستان هەیە ، نە دەوڵەتی عێران وەک خاوەنی چوارچیوەی جوغرافیایی دەڵەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستان دژ کردەوەیەکی ئەوتۆیان نەبووە و ناڕەزایەتیەکی ئەوتۆیان دەرنەبڕیوە .
ئێمەش لەباتی بەرگری  لە خاک و وڵاتمان یەکتر تۆمەتبار دەکەین و شەڕی بەوەکالەتی ئەوان دەکەین و دەبینە هۆکار بۆ پاساوەکانیان. 
هەتا ئێستاش خۆمان لەو ڕاستیە حاشاهەڵنەگرە گێل کردوە کە تاکە ڕێگای ڕزگاری و خۆپاراستنمان لە داگیرکاری و فەوتان لە پلەی یەکەمدا بڕوابوونە بە هێزی نەتەوەیی خۆمان و یەکیەتی و هاودەنگی و هاوخەباتیمانە، لەباتی ئەوەی هەزاران خاڵی هاوبەشمان هەڵبژێرین بۆ هاوپەیمانیەکی تۆکمە، شەو و ڕۆژ بەدوای خاڵێکی دژبەیەک دەگەڕێن تا بیکەینە پرۆژەی یەنەگرتمان و شەرعیەت بە دووبەرەکی و بەرژەوەندی حیزبی و تاکمان بدەین و بە دەستی خۆمان داهاتوومان بکەینە خەون و ئاواش بۆ نەوەکانی داهاتووی ڕاگوێزین .
پارتی سەربەخۆیی کوردستان ئەم هێرشە داگیرکەرانەی دەڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی کوردستان بە پێشیلکاریەکی ئاشکرای سەروەری حکومەتی هەرێمی کوردستان و چوارچیوەی دەوڵەتی فیدراڵی عێراق دەزانیت و بە توندی مەحکوم و ڕیسوای دەکات . 
داوا لە پارتی و پکک دەکەین هێرشی ڕاگەیاندن بۆ سەر یەکتر ڕابگرن و بەر بە مێدیا سێبەرەکانیان و لێدوانی نابەرپرسانە نەدەن و ئاگری شەڕی براکوژی خۆش نەکەن. پتانسیەل و هێز و تواناکانیان بۆ بەرگری لە خاکی کوردستان و خەبات لە پێناو یەکیەتی و یەکڕیزی ناو ماڵی کورد بەکار بێنن .
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بە ئەرکی نیشتمانی خۆی هەستێت  و لە ڕێگای دەوڵاتی فیدراڵی عێراقەوە دەنگی ناڕەزایەتی خۆی بە کۆمەڵگای نێودەوڵاتی و نەتەوەیەکگرتوەکان بگەیەنێت و سکاڵا دژ بەو داگیرکاری و پێشێلکاریە تۆمار بکات .
هیوادارین ڕەوەندی کوردی بە هەموو هێز و توانایانەوە بە ڕێکخستنی ئاکسیون و نارەزایەتی لە شوێنە کاریگەرەکانی سەنتەری ئوروپا هەوڵی لەقاو دانی ئەم تاوان و پێشێلکاریانەی دەوڵەتە داگیرکەری تورک بدات.

بژی یەکیەتی کورد بۆ رزگاری یەکجاری و سەربەخۆیی کوردستان
لەعنەت لە شەری براکوژی و دووبەرەکی ناو ماڵی کورد

سەرکردایەتی
پارتی سەربەخۆیی کوردستان
۲٠۲۲/٠٤/۲٠

ئەمانەش ببینە

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین